دادگای پێداچوونەوە لە لەندەن بڕیارێکی سەبارەت بە ئاسایشی نیشتمانی دەرکرد و تێیدا بڕیاری حکومەتی بەریتانیای بۆ ناساندنی گروپی " (Palestine Action) وەک ڕێکخراوێکی "تیرۆریستی" و قەدەغەکردنی چالاکییەکانی، بە یاسایی لەقەڵەمدا.
ئەم بڕیارەی دادگای پێداچوونەوە کە لەلایەن پێنج دادوەری باڵاوە دەرکرا و بڕیاری پێشووی دادگای باڵای بەریتانیای هەڵوەشاندەوە.
دادگای باڵا لە مانگی شوباتی ڕابردوودا بڕیاریدابوو کە قەدەغەکردنی ئەم گرووپە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە، پێشێلکردنی مافی خۆپیشاندانە و نایاساییە، بەڵام حکومەتی بەریتانیا تانەی لەو بڕیارەدا و دۆسیەکەی بردە دادگای پێداچوونەوە.
بەگوێرەی یاسای نوێی قەدەغەکردنەکە، هەر جۆرە ئەندامێتییەک یان پشتگیریکردنێک لەم گرووپە وەک تاوان سەیر دەکرێت و سزاکەی دەگاتە ١٤ ساڵ زیندانیی.
لە دوای جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە لە هاوینی ساڵی ڕابردووەوە، هەزاران کەس لە بەریتانیا لە کاتی خۆپیشاندانەکانی دژ بە شەڕی غەززە دەستگیرکراون.
سۆ کار، سەرۆکی دادوەرانی دادگای پێداچوونەوە ڕایگەیاند، ناساندنی ئەم گرووپە وەک بزووتنەوەیەکی مەدەنی و بێ توندوتیژی "قبووڵکراو نییە" و گوتی: "گروپەکە هانی توندوتیژیی نایاسایی دەدات کە دەگاتە ئاستی کردەوەی تیرۆریستی.
ئەم گرووپە هیچ شێوەیەکی لە بزووتنەوە مێژووییەکانی داکۆکیکار لە مافی ژنان ناچێت."
دادگا ئاماژەی بەوەش کردووە کە هۆکاری سەرەکیی بڕیارەکەی حکومەت، هەڕەشەکانی ئەم گرووپە بووە، لەوانە ڕێکخستنی کاری نهێنی و بەئامانجگرتنی کۆمپانیا یاساییەکان و ئەو کۆمپانیایانەی سەر بە وەزارەتی بەرگریی بەریتانیان.
ساڵی ڕابردوو، چالاکوانانی ئەم گروپە چوونە ناو بنکەیەکی ئاسمانیی سوپای بەریتانیا لە "بریز نۆرتۆن" و ڕەنگی سووریان بەسەر دوو فڕۆکەی سەربازیدا ڕشت، کە زیانی ٧ ملیۆن پاوەندیی لێکەوتەوە.
لە بەرنبەردا، هودا عەموری، یەکێک لە دامەزرێنەرانی گروپەکە و خاوەنی سکاڵا سەرەکییەکە دژ بە وەزارەتی ناوخۆ، بڕیارەکەی دادگای پێداچوونەوەی بە "هێرشێکی توند بۆ سەر ئازادیی ڕادەربڕین و مافی خۆپێشاندان لە مێژووی هاوچەرخی بەریتانیادا" وەسفکرد و ڕایگەیاند کە تانە لەم بڕیارە دەدەن و دۆسیەکە دەبەنە دیوانی باڵای بەریتانیا.