وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان، کۆتاییهاتنی وەرزی قەدەغەی ڕاوەماسی و ئاساییبوونەوەی ڕاوکردنی لە سەرجەم رووبار و ئاوەکانی هەرێمی کوردستاندا ڕاگەیاند.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری ڕایگەیاند، دوابەدوای تەواوبوونی ئەو ماوەیەی کە بۆ پاراستنی سامانی ماسی و گەراڕشتن دیاریکرابوو، لە ئەمڕۆ دووشەممە، 15ی حوزەیرانی 2026، بڕیاری قەدەغەی ڕاوکردن بە فەرمی هەڵگیراوە و ڕاوچییان دەتوانن دەست بە ڕاوکردنی ئاسایی بکەنەوە.
هاوكات، وەزارەتەکە هۆشداری توند دەداتە ڕاوچییان و جەخت دەکاتەوە کە بەکارهێنانی ڕێگا نایاساییەکانی وەک (تەزووی کارەبا، ماددە ژەهراوییەکان، تەقەمەنی، و تۆڕی کون ورد) کە دەبنە مایەی لەناوچوونی بەکۆمەڵی زیندەوەرە ئاوییەکان، لە هەموو کاتێکدا بە تەواوی قەدەغەن و ڕێگەپێدراو نین.
بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە و ڕێگریکردن لە هەر سەرپێچییەک، سەرجەم فەرمانگەکان و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی پۆلیسی دارستان و ژینگە ئاگادار کراونەتەوە تاوەکو ڕێکاری یاسایی و کارگێڕی بەرامبەر سەرپێچیکاران بگرنەبەر.