کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان لەسەر ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنی نوێی نێوان ئێران و ئەمریکا بەردەوامن.
سەرۆککۆماری ئێرانیش ڕایدەگەیێنێت، جێبەجێکردنی تەواوی بەندەکانی ئەم یاداشتنامەیە دەبێتە هۆی چارەسەرکردنی زۆرێک لە کێشەکان و سەرەتایەک دەبێت بۆ قۆناغێکی نوێ لە ناوچەکەدا.
پزیشکیان: ڕێککەوتنەکە مایەی شانازییە بۆ ئێران و بەرەی مقاوەمە
مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لەبارەی لێکتێگەیشتنەکەی نێوان تاران و واشنتن ڕایگەیاند، جێبەجێکردنی تەواوی ئەم یاداشتنامەیە دەبێتە مایەی شانازی بۆ وڵاتەکەیان، تەواوی ناوچەکە و هێزەکانی بەرگری. پزیشکیان ئاماژەی بەوەش کرد کە لە کاتی گونجاودا وردەکاریی زیاتر لەسەر ڕێککەوتنەکە بۆ ڕای گشتی بڵاودەکەنەوە.
هاوکات سوپاسی تیمی دانوستاندنکاری ئێرانی کرد، لەنێویاندا محەممەد باقر قالیباف، عەباس عێراقچی و ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران بۆ ئەو هەوڵانەی لەم پرۆسەیەدا داویانە.
ماکرۆن: ڕێککەوتنەکە هەنگاوێکی زۆر گرنگە بۆ ئاشتی
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا پێشوازیی خۆی بۆ ئەم هەنگاوە دەربڕی و ڕایگەیاند، ڕێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران هەنگاوێکی زۆر گرنگ و کاریگەرە بۆ چەسپاندنی ئاشتی و ئارامی لە ناوچەکەدا.
بەحرەین: لێکتێگەیشتنەکە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
وەزارەتی دەرەوەی بەحرەین لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەم پەرەسەندنە سیاسییە کرد و ڕایگەیاند، لێکتێگەیشتنی نێوان واشنتن و تاران هەنگاوێکی گرنگ و پێویستە بۆ کەمکردنەوەی ئاستی گرژییەکان و چەسپاندنی ئاسایش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
سوید: گەیشتن بەم ڕێککەوتنە هەواڵێکی ئەرێنی و هاندەرە
حکومەتی سویدیش لای خۆیەوە دڵخۆشی بەم نزیکبوونەوەیە نیشاندا و ئاشکرای کرد، گەیشتنی ئەمریکا و ئێران بە ڕێککەوتن لەم قۆناغەدا، هەواڵێکی ئەرێنی و هاندەرە بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
هۆڵەندا: دەبێت ئازادیی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز بگەڕێندرێتەوە
لەلایەکی دیکەوە، هۆڵەندا لە پاڵ پێشوازیکردن لە ڕێککەوتنەکە، تیشکی خستە سەر پرسی هاتوچۆی دەریایی و ڕایگەیاند، پێویستە لە دوای ئەم لێکتێگەیشتنە ئازادیی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز بە خێرایی و بە تەواوی بگەڕێندرێتەوە.
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا: پێشکەوتنێکی زۆر گرنگ و ستراتیژی هاتووەتە ئاراوە
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیاش بە گرنگییەوە لەم پێشهاتە نوێیەی ڕوانی و جەختی لەوە کردەوە، لێکتێگەیشتنی نێوان ئەمریکا و ئێران پێشکەوتنێکی زۆر گرنگ و ستراتیژییە لە ناوچەکەدا.
ئەڵمانیا: دەبێت گەرووی هورمز بەبێ باج و سنووردارکردن بکرێتەوە
حکومەتی ئەڵمانیاش مەرج و تێبینی خۆی لەسەر دۆسیەکە خستەڕوو و ڕایگەیاند، بۆ سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە دەبێت گەرووی هورمز بەبێ هیچ سنووردارکردن، ئاستەنگێک یان سەپاندنی باجێک بە ڕووی کەشتیوانیدا بکرێتەوە.
ئەردۆغان: ئەمە گۆڕانکارییەکی گرنگە بۆ سەقامگیریی ناوچەکە
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا پاڵپشتیی خۆی بۆ ئەم هەنگاوە دەربڕی و ڕایگەیاند، لێکتێگەیشتنی نێوان ئەمریکا و ئێران گۆڕانکارییەکی گرنگ و ئەرێنییە لەپێناو بەدیهێنانی سەقامگیریی هەمیشەیی لە ناوچەکەدا.