ڕاستەوخۆ

فۆرن پۆلیسی: واشنتن و تاران یاداشتنامەیەکی ڕێکنەکەوتنیان ئیمزا کردووە

reset font size increase font size

گۆڤاری "فۆرێن پۆلیسی" (Foreign Policy) لە بابەتێکی شیکاریدا کە دەیڤد ڕایکۆف، شارەزای باری ئاسایش نووسیویەتی، ئەنجامی ئاگربەست و ڕێککەوتنەکانی نێوان واشنتن و تارانی خستووەتە ژێر پرسیارەوە و جەختی لەوە کردووەتەوە، کێشە جەوهەرییەکانی ناو دەقی ڕێککەوتنەکە بوونەتە هۆی سەرهەڵدانی قەیرانێکی قوڵتر لە گەرووی هورمزدا.

بە گوێرەی شیکارییەکە، هۆکاری سەرەکیی تێکچوونی دۆخەکە و ئاڵۆزبوونی زیاتری ئاسایشی دەریایی لە ناوچەکەدا، دەگەڕێتەوە بۆ شێوازی داڕشتنی دەقەکە، کاتێک کۆشکی سپی بە بێ درککردن بە وردەکارییە یاسایی و ستراتیژییەکان ئیمزای لەسەر دەقەکە کردووە، لە بەرامبەردا تاران کەلێن و ناڕوونییەکانی ناو دەقەکەی قۆستووەتەوە بۆ سەپاندنی هەژموونی سەربازی خۆی لەسەر گەرووی هورمز.

دەیڤد ڕایکۆف ئاماژەی بەوە کردووە، کاتێک بابەتی ئاگربەست و ڕێگریکردن لە شەڕی چەکداری لە ئارادایە، وردەکارییەکان ڕۆڵی یەکلاکەرەوە دەگێڕن. ئەو دەقەی لەلایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێرانەوە ئیمزا کراوە، لە دوو پەڕە تێنەپەڕیوە و لێواولێوە لە دەستەواژەی گشتگیر و ناڕوون، ئەمەش وایکردووە بە هیچ شێوەیەک تایبەتمەندی "یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن"ی تێدا نەبێت، جگە لەوەش لەوەی هیچ میکانیزمێکی ڕوونیشی بۆ چاودێریکردن یان چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان تێدا دیاری نەکراوە.

لە بەشێکی دیکەی شیکارییەکەدا هاتووە، ئێران بەهۆی بەندی پێنجی دەقەکەوە زەمینەی یاسایی بۆ خۆی ڕەخساندووە تا کۆنتڕۆڵی کارگێڕی گەرووی هورمز بکات، لەو بەندەدا هاتووە، ئێران بۆ ماوەی 60 ڕۆژ و بەبێ وەرگرتنی باج، ڕێکاری پێویست بۆ تێپەڕبوونی ئارامی کەشتییە بازرگانییەکان ڕێکدەخات.

لە بەرامبەردا، ئەمریکا بەپێچەوانەی ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکە هەنگاوی ناوە و داوای لە کەشتییە بازرگانییەکان کردووە ڕێڕەوە دیاریکراوەکانی ئێران بەکارنەهێنن، ئەمەش بووەتە هۆی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ و وەڵامدانەوەی سەربازی.

لە شیکارییەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە، هەردوولا ڕێککەوتنەکەیان وەلاوەناوە و پەنایان بڕدووەتەوە بەر هێرشی بەرامبەر. بەپێی هەڵسەنگاندنەکە، چاککردنەوەی ئەم دۆخە لە ڕێگەی سەربازییەوە مەحاڵە و گەڕانەوە بۆ مێزی گفتوگۆ یەکەم هەنگاو دەبێت.

باشووری کوردستان
نووچە تیڤی

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.