سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەوروپا هۆشداری دەدات لە زیادبوونی هەژموونی هێزە هەرێمی و جیهانییەکان لە دەوروبەری ئەوروپا و ڕایدەگەیەنێت، فراوانبوونی جوگرافیی یەکێتییەکە تاقە ڕێگەیە بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو هەڕەشانە.
ئورزولا ڤۆن دێر لاین سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەوروپا ڕایگەیاند، چین، ڕوسیا و تورکیا هەڕەشەی سەرەکین بۆ سەر باشور و ڕۆژهەڵاتی یەکێتی ئەوروپا.
ئەم ناوچانە دوورگەکانی قوبرس، ئەدریاتیک، هەرێمی ئێژە و بەحری ڕەش لەخۆدەگرێت. بە گوتەی ناوبراو، ئەو وڵاتانە هەوڵ دەدەن هەژموونی خۆیان بەسەر ئەو نیمچە دوورگانەدا بسەپێنن کە لەژێر دەسەڵاتی یەکێتی ئەوروپادان.
ڤۆن دێر لاین جەختی لەوە کردەوە، بۆ پاراستنی سەربەخۆیی و ڕێگریکردن لە کەوتنی ئەوروپا بۆ ژێر ڕکێفی ئەو هێزانە، پێویستە یەکێتییەکە لەڕووی جوگرافییەوە پەرەی پێ بدرێت و فراوان بکرێتەوە.
ئەم لێدوانەی دێر لاین، لەکاتێکدایە گرژییەکانی نێوان تورکیا و یۆنان لە بارەی دوورگەی قوبرس گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار.
ماوەیەک لەوەپێش، هەریەک لە فەڕەنسا و بەریتانیا هێزی نوێی سەبازی و سیستمی بەرگری و کەشتی جەنگییان ڕەوانەی بەشی قوبرسی یۆنان کرد و لە بەرانبەریشدا تورکیا ڕایگەیاندووە، لە پێناو پاراستنی ئاسایشی قوبرسی تورکی هێزی سەربازیی ڕەوانەی دووگەکە کردووە.