بەنداوی دەربەندیخان، وەک دووەم گەورەترین بەنداوی هەرێمی کوردستان، بەهۆی شەپۆلی بارانبارینی ئەم دواییانەوە بەتەواوی پڕ بوو و بۆ چواردەیەمین جار لە مێژووی خۆیدا سەرڕێژ بوونی تۆمار کرد.
سامان ئیسماعیل بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی بەنداوی دەربەندیخان ڕایگەیاند، بەنداوەکە بەتەواوی پڕبووە و هەر سێ چاوی بەنداوەکە کراونەتەوە و دەست کراوە بە بەردانەوەی ئاوی زیادە بۆ ناو ڕووباری سیروان.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەنداوەکە گەیشتووەتە ئەوپەڕی توانای گلدانەوەی خۆی کە سێ ملیار مەتر سێجا ئاوە.
بەنداوی دەربەندیخان کە دووەم گەورەترین بەنداوی هەرێمی کوردستانە، سەرچاوەیەکی گرنگی ئاو و کارەبایە و بەگوێرەی زانیارییەکان، لە ماوەی 65 ساڵی ڕابردوودا، 14 جار سەرڕێژ بووە، کە سێ جاریان لەم هەشت ساڵەی دوایدابووە.
بە سەرڕێژبوونی بەنداوی دەربەندیخان، لە ئێستادا 23 بەنداوی هەرێمی کوردستان سەرڕێژبوون و دوو گەورەبەنداوی دوکان و گۆمەسپان ماون کە بگەنە ئاستی سەرڕێژبوون.