ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، باشترین و تەندروستترین چارەسەر بۆ تێپەڕاندنی قەیرانە سیاسییەکانی ئێستا، بیرکردنەوەیە لە کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان، نەک بیرۆکەی مەترسیداری وەک دووئیدارەیی.
زانا تۆفیق بەگ، ئەندامی بەشی پەیوەندییەکان لە سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ میدیاکان تیشکی خستە سەر پرسی چەقبەستوویی سیاسیی هەرێم و ڕایگەیاند: "چارەسەری تەندروست ئەوەیە کە لایەنەکان بیر لە کاراکردنەوەی دامەزراوەی پەرلەمان بکەنەوە، چونکە پەرلەمان شوێنی ڕاستەقینەی گفتوگۆ و گەیشتنە بە ڕێککەوتنی نیشتمانی."
زانا تۆفیق بەگ هۆشداریشی دا لەوەی کە نابێت لە ژێر چەتری ململانێ سیاسییەکاندا بە هیچ شێوەیەک بیر لە هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان یان گەڕانەوە بۆ سەردەمی دووئیدارەیی بکرێتەوە، چونکە ئەوانە زیانی گەورە بە بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کوردستان دەگەیەنن.