دوای ماوەیەک لە هێوربوونەوەی دۆخەکە و ڕاگرتنی موشەک و درۆنەکان، لە 48 کاتژمێری ڕابردوودا ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێران بە تەواوی شکستی هێنا و هەردوولا زنجیرەیەک هێرشی توندیان کردەوە سەر یەکتری.
فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند، لە گەڕی یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکەیاندا نزیکەی 90 ئامانجی سەربازیی ئێرانیان بۆردومان کردووە، لە بەرامبەریشدا سوپای پاسدارانی ئێران بنکە سەربازییەکانی ئەمریکای لە کوێت، بەحرەین و قەتەر کردە ئامانج.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا ئاشکرای کرد، هێرشە ئاسمانییەکانیان بە درێژایی شەوی ڕابردوو تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەردەوام بووە و تێیدا سیستمی ڕاداری، چاودێری، بەرگریی ئاسمانی، کۆگاکانی موشەک و درۆن، و چەندین ناوەندی دەریایی سوپای پاسدارانیان لە کەناراوەکانی ئێران پێکاوە.
ئەمە لەکاتێکدایە کە لە شەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممەش ئەمریکا نزیکەی 80 ئامانجی دیکەی لە ناوخۆی ئێران بۆردومان کردبوو، بەوەش کۆی گشتیی هێرشەکانی واشنتن گەیشتە نزیکەی 170 هێرش.
ئیدارەی ئەمریکا جەخت دەکاتەوە ئامانجیان لاوازکردنی تواناکانی سوپای پاسدارانە لە گەرووی هورمز لە پێناو پاراستنی جووڵەی دەریاوانیی نێودەوڵەتی.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، هێرشەکانیان وەڵامێکی ڕاستەوخۆ بووە بۆ پەلامارەکانی ئێران دژ بە کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز و گوتی: "زۆر بە بەهێزی لێماندان، کاتێک هێرشیان کردەوە توندتر لێماندانەوە". ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئێرانییەکان پەیوەندییان پێوە کردووە بە مەبەستی گەیشتن بە ڕێککەوتن و هێورکردنەوەی دۆخەکە.
محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێرانیش لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس هۆشداریی توندی دایە واشنتن و نووسیویەتی "لێمان بدەن لێتان دەدەین". قالیباف جەختی کردەوە، کە هێرشکردنە سەر ئێران بێ سزا تێناپەڕێت و ڕایگەیاند، گەرووی هورمز بە ڕووی کەشتیوانیی نێودەوڵەتیدا ناکرێتەوە مەگەر بە مۆڵەتی فەرمیی ئێران خۆی.