پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە دانیشتنی ئاسایی خۆی بەڕێوەدەبات، کە تێیدا چەند دۆسیەیەکی گرنگ و ههستیار تاووتوێ دەکرێن، لەوانەش لێپێچینەوە لە سەرۆکی دەستەی نیشتمانیی وەبەرهێنان و سوێندخواردنی پەرلەمانتارە جێگرەوەکان، ئەمەش لە کاتێکدایە یەکێک لەو کاندیدە جێگرەوانەی بڕیار بوو سوێندی یاسایی بخوات، پێش دانیشتنەکە دەستگیرکراوە.
بەگوێرەی کارنامەی فەرمیی دانیشتنەکەی پەرلەمانی عێراق، لە بڕگەی یەکەمدا پرۆسەی سوێندخواردنی یاسایی بۆ پەرلەمانتارە جێگرەوەکان جێگیرکراوە، و لە بڕگەی دووەمیشدا لێپێچینەوەی یاسایی لە سەرۆکی دەستەی گشتیی وەبەرهێنانی عێراق بەڕێوەدەچێت. هاوکات بڕیارە گفتوگۆیەکی گشتیی لە نێوان پەرلەمانتاران و دەستەی سەرۆکایەتیدا بکرێت، کە تێیدا تیشک دەخرێتە سەر پەرەسەندنەکانی دۆخی ئەمنی و سیاسیی وڵات.
چاوەڕوان دەکرێت لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا، پەرلەمانتاران بە گرنگییەوە قسە لەسەر دەرئەنجامەکانی ئۆپەراسیۆنی "شاڵاوی بەرەبەیان" بکەن، کە تایبەتە بە دەستگیرکردنی گەندەڵکاران و بەرپرسە تێوەگلاوەکان لە دۆسیە دارایییەکاندا.
لەم چوارچێوەیەدا، ڕۆژنامەی (سەباح)ی فەرمی بڵاویکردەوە، کە لەم وەرزەی یاساداناندا، پەرلەمان بە پاڵپشتیی ڕاستەوخۆی حکومەت لێپێچینەوە لە سەرجەم ئەو بەرپرسانە دەکات، کە گومانی گەندەڵییان لەسەرە، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ سەرخستنی ئەو پڕۆژە نیشتمانییەی حکومەت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی ڕایگەیاندووە.