دوای تێپەڕبوونی 89 ساڵ بەسەر کارەساتی دەرسیمدا، بۆ یەکەمجار وێنەی ساتەوەختی دوای لەسێدارەدانی سەید ڕەزای دەرسیم، کوڕەکەی و پێنج لە سەرۆک عەشیرەتەکانی ناوچەکە، کە لەلایەن سوپای تورکیاوە لەسێدارەدران، دۆزرانەوە و بڵاوکرانەوە.
مێژوونووس د. سادات ئولوگانا، توانیویەتی شەش وێنەی ڕەسەن و دەگمەنی سەرکردەکانی ڕاپەرینی دەرسیم لە ساڵانی 1937-1938 بدۆزێتەوە، کە ڕاستەوخۆ دوای جێبەجێکردنی حوکمی سێدارە بەسەریاندا گیراون. بەگوێرەی گێڕانەوەی مێژوویی ئیحسان سەبری، لەو سەردەمەدا وێنەکان لەلایەن پۆلیسێکەوە بە ناوی (ماجەر مستەفا) گیراون و دواتر بە فەرمانی ڕاستەوخۆی مستەفا کەمال ئەتاتورک بڕیاری سووتاندنیان دراوە، بەڵام د. سادات ئولوگانا جەخت دەکاتەوە، کە وێنەکان لەناو نەچوون و پارێزراون.
لەو وێنە دۆزراوانەدا، تەرمی سەرکردەکانی دەرسیم بە جلی سپی سێدارەوە دەبینرێن لە کاتێکدا پەتی سێدارە لە گەردنیان دایە و لە پشتەوەیاندا چەندین سەرباز و کەسانی سڤیل ڕاوەستاون. یەکێک لە دەرەنجامە گرنگەکانی دۆزینەوەی ئەم وێنانە ئەوەیە نیشانی دەدەن شوێنی لەسێدارەدانەکان جیاوازن، بە جۆرێک هەندێکیان لەبەردەم باڵەخانەی حکومەت و هەندێکی تریان لە شوێنی دیکە لە سێدارە دراون، ئەمەش ئەو ڕاستییە مێژووییە دەسەلمێنێت، کە پرۆسەی لەسێدارەدانەکان لە یەک شوێندا نەکراون و بە جیا جێبەجێ کراون.