ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی لە زاری بەرپرسێکی باڵای وڵاتەکەیەوە بڵاویکردووەتەوە، بەهیچ شێوەیەک دەستبەرداری پیتاندنی یۆرانیۆم نابن و هیچ دانوستانێکیشیان لەسەر موشەکەکانیان نەکردووە.
ئەو بەرپرسەی ئێران بە ئاژانسەکەی راگەیاندووە، پێشنیازی وڵاتەکەی بریتیە لە کەمکردنەوەی کۆگاکانی یۆرانیۆم بۆ ئاستێكی نزمتری پیتاندن، ئەوەش لەژێر چاودێری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمدا دەبێت.
سەبارەت بە بەرنامە موشەکییەکانیان بەرپرسەکەی ئێران گوتویەتی، بەهیچ جۆرێک دانوستانمان لەسەر ئەو پرسە نەکردووە و ناشیکەین. هاوکات، ئەمڕۆ گەڕی سێیەمی دانوستانەکانی واشنتن و تاران لە ژنێفی پایتەخی سویسرا بەڕێوەچوو، بەشێک لە میدیا جیهانییەکان چەند خاڵێکی ئەمریکایان بۆ ئێران ئاشکراکرد، کە خۆی دەبینێتەوە لە لەناوبردنی هەرسێ بنکە ئەتۆمییە سەرەکییەکەی نەتەنز و بوشەهر و ئەسفەهان و گواستنەوەی یۆرانیۆمە پیتێندراوەکەی ئێران بۆ ئەمریکا.