ڕاستەوخۆ

بزووتنەوەی ئازادیی کوردستان: نەخشەڕێگەکەی باخچەلی بۆ پاکتاوکردنی کوردە نەک چارەسەر

reset font size increase font size

بەڕێوەبەریی بزوتنەوەی ئازادیی کوردستان, لە ڕاگەیەندراوێکدا تیشکی خستە سەر دوایین پێشهاتەکانی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و هێرشە یاساییەکانی سەر پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە). بزووتنەوەکە حکومەتی ئاکەپە-مەهەپە تۆمەتبار دەکات بەوەی لە بری هەنگاونان بۆ چارەسەری، خەریکی پەکخستنی پڕۆسەکەن.

بزووتنەوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، دوای بانگەوازەکەی عەبدوڵڵ ئۆجالان لە شوباتی 2025، هەنگاوی مێژووییان ناوە، لەوانە ڕاگەیاندنی ئاگربەست، هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە لە کۆنگرەی 12دا، کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و کشانەوەی گەریلایەکان لە سنوورەکانی تورکیا لە تشرینی یەکەمی 2025. سەرەڕای ئەمانە، حکومەتی تورکیا نەک هەر هەنگاوی بەرانبەری نەناوە، بەڵکو گۆشەگیریی سەر ئۆجالانی توندتر کردووە و یاساکانی ئازادیی دەرنەکردووە.

بزووتنەوەکە بە توندی ڕەخنە لەو نەخشەڕێگە حەوت خاڵییە دەگرێت، کە باخچەلی لە 18ی ئایاردا ڕایگەیاند. بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، باخچەلی دەیەوێت ڕۆڵی ئۆجەلان تەنیا لە ناوبردنی ڕێکخراوەکەدا قەتیس بکات و هیچ ستاتۆیەکی سیاسی و یاسایی بۆ دانەنێت. بزووتنەوەکە دەڵێت: "ئەمە نەخشەڕێگەی پاکتاوکردنە نەک چارەسەر، چونکە باس لە مافی سیاسەتکردنی ئۆجالان و ئەندامانی بزوتنەوەکە ناکات".

ڕاگەیەندراوەکە جەخت دەکاتەوە، دەبێت 'مافی هیوا'، کە باخچەلی خۆی پێشتر باسی کردبوو، بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. بزووتنەوەکە داوا دەکات ئۆجالان وەک (هەماهەنگکاری ئاشتی و بەسیاسیبوون) بناسرێت و بارودۆخی زیندانییەکەی بگۆڕدرێت بۆ بارودۆخێکی ئازاد، بتوانێت ڕۆڵی سیاسیی خۆی تێدا بگێڕێت.

لەبارەی بڕیاری دوورخستنەوەی ئۆزگور ئۆزێل و سەرکردایەتیی جەهەپە، بزووتنەوەکە دەڵێت: "ئەمە هێرشە بۆ سەر سیاسەتی دیموکراسی". ئاماژەی بەوەش کردووە، لە کاتێکدا ئۆجەلان هەوڵ دەدات لایەنەکان بهێنێتە ناو کایەی سیاسی، حکومەت بەم بڕیارانە دەیسەلمێنێت، کە هیچ بڕوایەکی بە چارەسەری دیموکراسییانەی پرسی کورد نییە و دەیەوێت پرۆسەی ئاشتی بۆ بەرژەوەندیی حیزبیی خۆی بەکاربهێنێت.

بزووتنەوەکە داوا لە هاوپەیمانیی دەسەڵات دەکات، بە جددی و بەرپرسیارانە لەم قۆناغە نزیک ببنەوە و ئەو هەنگاوانەی لە بەرژەوەندیی تورکیادان، بەبێ دواکەوتن بنێن. جەختیشیان کردووەتەوە کە بەبێ دەرکردنی یاساکانی ئازادی و دەستەبەرکردنی مافی سیاسەتکردن بۆ هەمووان، ناونانی ئەم دۆخە بە دیموکراسی تەنیا چەواشەکارییە.

باشووری کوردستان
نووچە تیڤی

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.