ڕاستەوخۆ

پاکستان؛ دڵی نوێی هاوکێشەکان

reset font size increase font size

شۆخان كه‌ریم

 بۆ تێگەیشتن لەوەی بۆچی ئەمڕۆ ئیسلام ئاباد بووەتە پەناگەی دیپلۆماتکارە دژ بەیەکەکان، دەبێت ته‌ماشای نەخشەی جیهان بکەین، چونکە پاکستان تەنیا جوگرافیایەک نییە، بەڵکو دەروازەیەکی بێ جێگرەوەیە، لەسەر سێگۆشەیەک وەستاوە، كه‌ ئەویش خاوەندارێتی چەکی ئەتۆمی و هەواڵگرییە، ده‌زگای هه‌واڵگریی ئه‌و وڵاته‌ لە هەموو شوێنێکە، سنورێک کە دەمی لە ناو جەرگەی ئێراندایە، ئەمڕۆ لە پاکستان دیپلۆماسی و چەک لە یەک ژووردا کۆدەبنەوە، بەڵام پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە، پاکستان لەم یارییه‌ مەترسیدارەدا چی دەستدەکەوێت؟ بۆچی جوگرافیاکەی وایکردووە هیچ لایەک نەتوانێت پشتگوێی بخات.

پاکستان لە ڕۆژهەڵاتەوە هاوسێی هیندستانە، لە باکورەوە دەروازەی چینە، لە ڕۆژئاواوە نەک تەنها هاوسێی ئێرانە، بەڵکو تاکە ڕێڕەوی وشکانییە کە ئاسیای ناوەڕاست بە ئاوە گەرمەکانی دەریای عەرەب دەبەستێتەوە.

ئەم وڵاتە قوفڵی پڕۆژەی ڕێگه‌ی ئاوریشمی نوێی چینە و لە هەمانکاتدا پاسەوانی ئەو گەرووانەشه‌ نەوتی کەنداو بۆ جیهان دەگوازنەوە، هەر جەنگێکی گشتگیر لە نێوان ئێران و ئیسرائیل یان ئەمریکا، به‌ خێرایی ئەم جوگرافیایە دەگۆڕێت بۆ گۆڕەپانی ئاگر، ئه‌وه‌ش هۆكاری بێده‌نگ نه‌بوونی ئیسلام ئاباده‌ له‌ پێشهاته نوێیه‌كاندا.

بەرژەوەندییەکانی ئیسلام ئاباد سێ ڕەهەندن، یەکەمیان رزگاربوونە لە هەرەس و پاشەکشەی ئابووری، پاکستان بەدەست قەیرانی داراییەوە دەناڵێنێت، نێوەندگیری لە نێوان واشنتن و تاراندا، دەروازەیەکە بۆ وەرگرتنی هاوکاری دارایی و سوککردنی قەرزە نێودەوڵەتییەکانی، دووەم ڕەهەندیش بەرژەوەندییەکانی پاراستنی ناوخۆی وڵاتەکەیەتی، چونکە هەر پێکدادانێکی سەربازی لە ئێران، شەپۆلێکی کۆچبەری بێوێنە و ناسەقامگیری ئەمنی بۆ ناو پاکستان دەهێنێت، بۆیە ئیسلام ئاباد بۆبەرژەوەندیی خۆی شەڕەکە دوور دەخاتەوە، لە ڕەهەندی سێهەمیشدا پاکستان دەیەوێت بە جیهان بڵێت ئەتۆمەکەی تەنها بۆ شەڕ نییە، بەڵکو هێزێکی سیاسییە، دەتوانێت هاوسەنگی جیهانی ڕابگرێت .

هەرچەندە وڵاتانی وەک عومان و قەتەر پێشنیازی میوانداریکردنی دانوستانەکانیان کرد، بەڵام بۆچی ئیسلام ئاباد هەڵبژێردرا؟ چونکە تاران لێرە هەست بە ئاسایشی دۆستانە دەکات و واشنتنیش دەزانێت هیچ جوڵەیەکی سەربازی لە ناوچەکە بێ ڕەزامەندی ئەم سوپا گەورەیە سەرناگرێت، ئەگەرچی قەتەر وعومان هەمیشە نێوەندگیرێکی باش بوون، بەڵام ئەوان خاوەنی ئەو کێشە سەربازییە نین کە پاکستان هەیەتی.

تاران متمانەی بە پاکستانە، چونکە دەزانێت ئیسلام ئاباد نایەوێت دراوسێیەکی لاواز یان وێرانکراوی هەبێت، واشنتنیش دەزانێت سوپای پاکستان تاقەهێزە دەتوانێت فشار لەسەر تاران و گروپە بریکارەکان دروست بکات.

ئێستا کە نوێنەرانی زلهێزەکان لەئیسلام ئابادن، جەنگەکە چووەتە قۆناغی یان هەمووی، یان هیچ، ئایا پاکستان دەتوانێت ئەم نەخشە نوێیەی ناوچەکە بە ئاشتی بکێشێت؟ یان بەرژەوەندییە دژبەیەکەکان هێندەقووڵن کە تەنانەت چیاکانی هیمالایاش ناتوانن بەرگری لە تەقینەوەی دۆخەکە بکەن؟، ئایندەی تاران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لێرە لە نێوان بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی ئیسلام ئاباد و ستراتیژییە سەربازییەکانی زلهێزەکاندا یەکلا دەبێتەوە؟.

له‌گه‌ڵ بوونه‌وه‌ی دۆناڵد تره‌مپ به‌ سه‌رۆكی ئه‌مریكا زه‌نگی جەنگێکی وێرانکەر لێدرا، دووجار هێرشكرایه‌ سه‌ر ئێران، ئێستا خەریکە هەموو ناوچەکە دەسوتێنێت، تەمەنی ئەو قەیرانە گەورەیە کە لە ساڵی 2024ه‌وه‌ دەستی پێکردووە لەساڵی 2026دا گەیشتووەتە لوتکە.

ئەمڕۆ دانوستانەکان تەنها لەسەر ئاگربەست نین، بەڵکو باس لە نەخشەی نوێی تێپەڕی دەکرێت بەتایبەت دوای ئەوەی لەم دوو ساڵەدا هەردوو لا تاران و تەلئەبیب، نیشانیاندا دەتوانن خاکی یەکدی بپێکن و مەترسییەکە گەیشتووەتە ئاستی ئەتۆمی، دانوستانی پاکستان بۆ ئەوەیە ڕێگری لەو کارەساتە بکات، چونکە دەزانێت دیپلۆماسیی چەک تاکە ڕێگەیە بۆ ئەوەی پێگەی خۆی وەک زلهێزێکی هەرێمی بپارێزێت و فشارە ئابوورییەکانی سەرشانی سوک بکات، ئەمریکاش دەزانێت لە ئیسلام ئابادەوە باشتر دەتوانێت گوێی لە لێدانی دڵی تاران بێت، ئیسرائیلیش دڵنییایە لەوەی کلیلی هێورکردنەوەی بەرەی ڕۆژهەڵات لە دەستی ژەنەڕاڵەکانی ئیسلام ئاباددایە، بەڵام پرسیارە گەورەکە ئەوەیە ئایا ئەم مێزەی لە ئیسلام ئاباد چنراوە، دەتوانێت ڕێگری لە جەنگێکی گشتگیر بگرێت؟ یان پاکستان دەبێتە شاهیدی کۆتا هەوڵی دیپلۆماسی پێش تەقینەوە گەورەکە؟.

جیهان چاوه‌ڕێی وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌یه‌ كه‌ ئایا ئه‌مڕۆ 11ی نیسان ئایندەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بناری چیاکانی هیمالایا دەنوسرێتەوە، یان تاران و تەلئەبیب پێشوەختە بڕیاری خۆیان داوە؟.

 

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.