ئەمیر سەعید ئیرەوانی، باڵیۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی واشنتن کرد و ڕایگەیاند، ئەگەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەردەوام بێت لە هێرشە سەربازییەکانی بۆ سەر خاکی ئێران، تاران چیدیکە پابەندی ئەو ڕێککەوتنە نابێت، کە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لە نێوانیاندا واژۆکراوە.
ڕۆژی هەینی، 10ی تەممووزی 2026، چەند کاژێرێک دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە پرسی ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی چەک، ئیرەوانی ڕایگەیاند: "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا جارێکی دیکە پابەندییەکانی خۆی پێشێل کردووە، ئەوەش بە ئەنجامدانی هێرشی سەربازیی فراوان بۆ سەر سەروەری و یەکپارچەیی خاکی ئێران".
باڵیۆزی ئێران کشانەوەی ئەمریکای لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە ساڵی 2018 و هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلی بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ژێر چاودێریی ئاژانسی نێودەوڵەتی لە حوزەیرانی 2025 و 28ی شوباتی 2026، بە هۆکاری سەرەکیی تێکچوونی بارودۆخی ئێستا دانا. جەختیشی کردەوە کە بەرنامە ئەتۆمییەکەی وڵاتەکەی تەنیا بۆ مەبەستی ئاشتییانەیە.
سەبارەت بە دۆخی شڵەژاوی دەریاوانی، نوێنەرەکەی تاران داوای لە سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایش کرد هاوکار بن لە پاراستنی ئاسایشی تەنگەی هورمز کە بە گوتەی ئەو "بەرپرسیارێتیی دەریاوانییەکەی تەنیا لە ئەستۆی ئێراندایە." ئیرەوانی هۆشداری دا کە هەر هەوڵێکی لایەنە دەرەکییەکان بۆ دەستوەردان یان دروستکردنی ڕێڕەوی جیاواز، پێشێلکردنی لێکتێگەیشتنەکانە و گرژییە ناوچەییەکان قووڵتر دەکاتەوە.
ئەم هەڵوێستە توندەی تاران دوای ئەوە دێت، کە بەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ئەمریکا هێرشی ئامانجداری نوێی کردە سەر ئێران و تارانیش بە مووچەکبارانکردنی بەحرێن، کوێت و قەتەر وەڵامی دایەوە. ئەم پەرەسەندنە سەربازییە تەنیا چەند کاژێرێک دوای لێدوانێکی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هات، کە تێیدا ڕایگەیاندبوو هێرشەکانی ئێران بۆ سەر کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز بە مانای کۆتاییهاتنی ئاگربەستە ناسکەکەیە.