سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان ئاماژەی بەوە کرد کە ڕژێمی ئێران بە تێپەڕبوونی کات ڕووی لە لاوازی کردووە و خەڵکی ئەو وڵاتە چیتر تەحەمولی باری ئێستا ناکەن. ترەمپ بە توندی ڕەخنەی لە مامەڵەی تاران لەگەڵ خۆپیشاندەران گرت و ڕایگەیاند کە دەسەڵاتدارانی ئێران خەڵکی سڤیل دەکوژن، بەجۆرێک کاتێک هاووڵاتییان بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی دەڕژێنە سەر شەقامەکان، ڕاستەوخۆ دەکرێنە ئامانج و فیشەکیان پێوە دەنرێت.
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکانیدا، دۆناڵد ترەمپ سەرنجی خستە سەر ئاسایشی دەریاوانی لە کەنداو و ڕایگەیاند، گەرووی هورمز لەژێر کۆنترۆڵی تەواوی هێزەکانی ئەمریکادایە و ڕۆژانە ملیۆنان بەرمیل نەوت لەو ڕێگەیەوە دەگوازرێتەوە.
سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە کە هێزەکانی وڵاتەکەی توانیویانە هەموو ئەو توانایە سەربازییانە لەناو ببەن کە ئێران هەوڵیدابوو لە نزیک گەرووی هورمز جێگیریان بکات. سەبارەت بە ئەگەری هێرشی سەربازیی نوێش، ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە ئەگەر هێرشی نوێ بکەنە سەر ئێران، ئەوا هێرشەکان زۆر ناخایەنن و ئامانجەکانیان بە خێرایی دەپێکن.
لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسێکدا سەبارەت بەوەی ئایا ئەمریکا ئامادەیە ئاژانسی زانیاریی ناوەندی (CIA) ڕاسپێرێت بۆ چەکدارکردنی ئێرانییەکان تاوەکو لە دژی دەسەڵات ڕاپەڕن، گوتی: "نامەوێت ئەوە بڵێم، ئەوە شتێک نییە بۆ وتن گونجاو بێت."