خۆرهەڵاتی ناوەڕاست پێ دەنێتە قۆناغێکی نوێی ئەمنییەوە بۆ چەندین دەیە، سیستەمی هەرێمەکە پشتی بە چەترێکی ئەمنی فرەوان بە سەرپەرشتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەبەست، بەڵام جەنگە بەردەوامەکانی ناوچەکە لە دوای ڕووداوەکانی 7ی ئۆکتۆبەری 2023و بەرزبوونەوەی ئاستی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئێران، کەموکوڕییەکانی ئەو سیستەمەیان ئاشکرا کرد. ئەمڕۆ وڵاتانی ناوچەکە بە ئاڕاستەی دروستکردنی پەیوەندیی بەرگریی سەربەخۆ و کەمکردنەوەی پشتبەستنی ڕەها بە واشنتن هەنگاو دەنێن.
شیکارییە ئەمنییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە پشتبەستن بە ئەمریکا چیتر واتای بەدەستهێنانی متمانەی تەواو نیە. جەنگ و ئاڵۆزییە بەردەوامەکان لەگەڵ ئێران هۆشیاریی وڵاتانی کەنداوی زیاتر کردووە لەسەر ئەو مەترسییانەی لە بەستنەوەی ئاسایشیان بە هەڵوێستی سەربازیی ئەمریکاوە دروست دەبن، بەتایبەت کاتێک دەرکەوت ئەو وڵاتانەی میوانداریی هێزەکانی ئەمریکا دەکەن، دەکرێت ببنە ئامانجی هێرشەکان تەنانەت ئەگەر خۆشیان لەگەڵ تاران لە ململانێدا نەبن.
عەرەبستانی سعودیە ڕوونترین نموونەی ئەم وەرچەرخانە ستراتیژییەیە. ڕیاز لە کاتێکدا حەز بە بەردەوامیی پشتگیرییەکانی واشنتن دەکات، هاوكات پەیوەندییەکانی لەگەڵ هێزە هەرێمییەکانی وەک تورکیا، پاکستان و میسر قووڵتر دەکاتەوە.
ڕێککەوتننامەی بەرگریی هاوبەشی ئەم دواییەی نێوان سعودیە، تورکیا و پاکستان گرنگییەکی تایبەتی هەیە، چونکە ئاستی نوێی " بەرپەرچدانەوە" زیاد دەکات کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی ئەمنیی ئەمریکا تێدەپەڕێت. ئەم ڕێککەوتنانە بوارەکانی هەماهەنگیی سەربازی، مەشقە هاوبەشەکان، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، جەنگی ئەلیکترۆنی، ژیریی دەستکرد و پێشەسازیی بەرگری دەگرنەوە.
بەپێی شیکاریی شارەزایان، ئەم گۆڕانکارییانە مانای لەدایکبوونی "ناتۆیەکی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست" نادەن، چونکە ناوچەکە تووشی پەرتەوازەییی قووڵ بووەتەوە و تێڕوانینی وڵاتان بۆ مەترسییەکان جیاوازە. وڵاتانی وەک سعودیە، ئیمارات، قەتەر، عومان، میسر، تورکیا و پاکستان پەیوەندیی جیاوازیان لەگەڵ ئێران و ئەمریکا و لەگەڵ یەکتریدا هەیە. بۆیە هەماهەنگییەکان بە شێوەیەکی جیاواز دەبن، وڵاتێک دەکرێت لە بوارێکدا هاوکار بێت و لە بوارێکی دیکەدا کێبڕکێ بکات.
وڵاتانی کەنداو درکیان بەوە کردووە کە ئاسایش بەستراوەتەوە بە گۆڕانکاریی ئابوورییەوە. پڕۆژەکانی وەک "ڕوئیا سعودییە 2030 "ی سعودیە و ستراتیژیی وەبەرهێنانی ئیمارات و ڕۆڵی قەتەر لە کەرتی وزە، پێویستییان بە سەقامگیرییە. پاراستنی بەندەر، فڕۆکەخانە، کێڵگەکانی وزە و ناوەندە داراییەکان پێویستی بە بەرگریی سیبەر، ئاسایشی دەریایی و بەرپەرچدانەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هەیە.
خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ئاڕاستەی دابەشبوون بۆ دوو جەمسەری ڕوون ناگرێتە بەر، بەڵکو دەبێتە سیستەمێک لە تۆڕە تێکەڵاوەکان. ئێران بەهۆی شوێنی جوگرافی، چەک و درۆنەکانی، و نفووزی لە عێراق، لوبنان و یەمەن وەک هێزێکی سەرەکی دەمێنێتەوە کە ناتوانرێت فەرامۆش بکرێت. بۆیە وڵاتانی کەنداو ڕێگەی بەرپەرچدانەوە و دیپلۆماسی هاوتەریب دەگرنە بەر، بەهێزکردنی بەرگریی ئاسمانی لەگەڵ هێشتنەوەی کەناڵەکانی گفتوگۆ لەگەڵ تاران.
ئیسرائیل لە ڕێگەی ڕێککەوتنەکانی ئیبراهیمەوە هەنگاوی نا، بەڵام جەنگەکان سنووری سیاسیی ئەم هاوکارییانەیان دەرخست چونکە حکومەتە عەرەبییەکان ناتوانن چاوپۆشی لە پرسی فەلەستین و ڕای گشتی بکەن.
خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو سیستەمێک دەڕوات کە فرەجەمسەرتر، سەربازیتر و ئابووریتر دەبێت. ئەمریکا وەک هێزێکی پڕ بایەخ دەمێنێتەوە بەڵام بە تەنیا بەس نابیێت، وڵاتانی هەرێمەکە و لە پێشەنگیان سعودیە، لە وەرگری ئاسایشەوە دەبنە بەشدار لە ئەندازیاری و داڕشتنی نەخشەی ئاسایشی ناوچەکەدا.