تاوەکو ئێستا زیاتر لە 300 سکاڵا لە سەر عەجاج تۆمارکراوە، سەرجەمیان پەیوەندییان بە پرسەکانی شاڵاوی ئەنفالەوە هەیە و سکاڵاکان خۆیان دەبیننەوە لە بابەتەکانی ئەشکەنجەدان و برسییکردن و دەستدرێژییکردنە سەر ژنان و کوشتنی گیراوانی کورد و چەندین تاوانی دڕندانەی دیکە لە گروتەخانەی نوگرەسەلمان لە سەماوە.
زیاتر لە 200 کەس گەواهییان لە سەر ئەو تاوانانە داوە کە عەجاج بەرانبەر بە کورد ئەنجامی داون.
لە بارەی دادگاییەکەی سبەینێوە ئەیاد کاکەیی، پارێزەر لە دۆسییەکە ڕایگەیاندوە، ناوبراو لە پێشتردا دانی بە سەرجەم تاوانەکانیدا ناوە، بۆیە دادگاییەکەی سبەینێ تەنها گوێگرتن دەبێت لە سکاڵاکاران و 25 کەس لە دادگە وەک گەواهیدەر ئامادەدەبن.
عەجاج یاخود حەجاج، بەڕێوەبەری گرتوخانەی نوگرەسەلمان بووە لە سەردەمی ڕژێمی بەعسی ڕووخاودا، بە دڕندانەترین شێوە مامەڵەی لەگەڵ ئەو کوردانەدا کردووە کە لە شاڵاوی ئەنفالدا ڕاپێچی ئەوێ کرابوون.
دواجار دوای 22 ساڵ لە ڕووخانی ڕژێمی بەعس، لە 31ـی تەمموزی ساڵی ڕابردوودا لەلایەن دەزگای هەواڵگریی عێراقەوە دەستگیرکرا.