کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەهایی لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا نیگەرانیی قووڵی خۆی لەبارەی تێکچوونی دۆخی تەندروستیی بەشار مستەفەوی، ژنە زیندانیی دووگیانی پەیڕەوی ئایینی بەهایی و خەڵکی شاری ڕەفسەنجان دەربڕی و ڕایگەیاند کە دەسەڵاتدارانی دادوەری و ئەمنیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە شێوازێکی سیستماتیک ڕێگری لە دەستڕاگەیشتنی ئەم ژنە بە چاودێریی پزیشکیی پێویست و پشکنینەکانی قۆناغی دووگیانی دەکەن.
ئەم هاوڵاتییە بەهاییە کە لە کاتی دەستپێکردنی شەپۆلێکی نوێی ناڕەزایەتییەکان لە مانگی یەکی ساڵی 2026ەوە دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندان کراوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئەم ڕێکخراوە مافپەروەرییە، تەنیا یەکێکە لەو 80 هاووڵاتییە بەهاییەی کە لە چەند مانگی ڕابردوودا و هاوکات لەگەڵ چڕکردنەوەی هەڵمەتەکانی حکومەت بۆ سەرکوتکردنی ئەم کەمینە ئایینییە دەستگیرکراون.
هەروەها ئاماژەی بەوەش دا کە تا ئێستا زیاتر لە400 حاڵەتی پێشێلکاریی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤ لەوانە: هەڵکوتانە سەر ماڵان بە توندوتیژی، دەستبەسەرداگرتنی نایاسایی مۆڵک و ماڵ، گرتنی هەڕەمەکی و تا لەسێدارەدان لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە تۆمارکراون.
ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم گوشارانەش لە چەند هەفتەی ڕابردوودا لە ڕێگەی ئەنجامدانی ڕەفتاری نامرۆڤانە، ئەشکەنجەی قورس، لەسێدارەدان و دانپێدانانی زۆرەملێ لە دژی "پێوەند نایمی" و "بۆرنا نایمی"، دوو ئامۆزای بەهایی لە شاری کرمان گەیشتووەتە لووتکە.
ئەم جۆرە ڕەفتارانە ڕەگ و ڕیشەی لە سیاستە پێکهاتەییەکانی ئێرانەوە هەیە کە لە سەرەتای دامەزراندنییەوە بە "مەزهەبی لادەر" ناوزەدی کردوون و پەیڕەوانی ئەم ئایینەی بەردەوام ڕووبەڕووی توندترین بێبەشکردن، گۆشەگیری و پرۆسەی سڕینەوەی کۆمەڵایەتی و ئایینی کردووەتەوە.