دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (MHP)، ئاشکرای کرد کە لە دوورگەی ئیمراڵی خانوویەکی نوێ بە باخچە و مەرجە شایستەکانی ژیانەوە بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئامادە کراوە، بەڵام ناوبراو تاوەکو ئێستا بەهۆی داواکردنی پێگەی فەرمی (ستاتۆ)وە گواستنەوە بۆ ئەو خانووەی ڕەت کردووەتەوە.
باخچەلی لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ ڕۆژنامەنووس نەگەهان ئاڵچی ڕایگەیاند کە شوێنە نوێیەکە هەموو مەرجەکانی ژیانێکی ئاسایی تێدایە، و لەبارەی هۆکاری نەگوێزرانەوەی ئۆجەلانەوە وتی: "ئەو دەیەوێت سەرەتا یاسای چوارچێوە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و لیژنەکان کارەکانیان دەست پێ بکەن، و چونکە ستاتۆ و پێگە دەخوازێت، هێشتا نەچووەتە ناو خانووەکەوە."
لە لایەکی ترەوە، ئاماژە بەوە کرا کە ئۆجەلان بەهۆی تەمەنییەوە نایەوێت بە تەنیا لەو خانووەدا بمێنێتەوە، و بۆ بەڕێوەبردنی کارە ڕۆژانەیییەکانی داوای کردووە کە یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکەی لەلای بێت و لەو پێناوەشدا داواکاریی فەرمیی پێشکەش کردووە. سەبارەت بە بڵاوکردنەوەی ئەم وردەکارییانەش، ئاڵچی جەختی لەوە کردەوە کە باخچەلی لە وەڵامی پرسیارێکدا پێی گوتوون: "بڕیار لە لای ئێوەیە، بۆ من هیچ کێشەیەک نییە."