ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پێشووی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) بە شێوەیەکی فەرمی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی ئاڕاستەی حیزبەکەی کرد، ئەمەش دوای ئەوەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕایگەیاندبوو، کە لەگەڵ زیاتر لە 91 پەرلەمانتاری جەهەپە دەست لە کار دەکێشنەوە.
دوابەدوای ئەم هەنگاوە، هەریەک لە گوڵ چیفتچی و موراد ئەمیر داواکاریی فەرمیی دامەزراندنی "یەنی پارتی"یان پێشکەش بە وەزارەتی ناوخۆی تورکیا کرد.
لەنێو هەوڵە بەردەوامەکاندا بۆ ڕێکخستنی پێکهاتەی حیزبە نوێیەکە، بڕیارە دەستەی دامەزرێنەران بە سەرۆکایەتیی ئۆزگور ئۆزەل کۆ ببێتەوە بۆ دیاریکردنی سەرۆکی گشتی، دەستە کارگێڕییەکان و سەرکردایەتیی بەرهەڵستکاری لە پەرلەماندا.
ئەم پێشهاتە سیاسییە دوای ئەوە هات، کە دادگای تێهەڵچوونەوەی ئەنقەرە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی 38ەمین کۆنگرەی ئاسایی جەهەپەی دا، کە بەهۆیەوە ململانێی ناوخۆیی قووڵ بووەوە و حیزبەکە بەسەر دوو بەرەی جیاوازدا دابەش بوو.