فەتی یڵدز، یاریدەدەری سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) و پەرلەمانتاری ئیستەنبووڵ، لە پەرلەمانی تورکیا ڕایگەیاند، پێشبینی دەکات لە ماوەی هەفتەیەک بۆ 10 ڕۆژی داهاتوودا "کۆمیسیۆنی چاودێری" بۆ پرۆسەی چارەسەری پێکبهێندرێت.
فەتی یڵدز ڕوونی کردەوە، ئەندامانی کۆمیسیۆنەکە بەپێی رێژەی نوێنەرایەتیی پارتەکان لە پەرلەمان دیاری دەکرێن و ئەرکیان چاودێریکردنی جێبەجێکردنی یاسای چوارچێوە دەبێت، نەک تەنیا لەناو پەرلەمان، بەڵکو بە شێوەیەکی مەیدانیش بەدواداچوونی بۆ دەکەن.
یاریدەدەری سەرۆکی مەهەپە ئاماژەی بەوە کرد، دەسەڵات و ئەرکەکانی کۆمیسیۆنەکە لە ماددەی حەوتەمی یاساکەدا دیاریکراون؛ هەرچەندە کۆمیسیۆنەکە دەسەڵاتی سزادانی نییە، بەڵام دەتوانێت پێشنیازی یاسایی و ڕاسپاردە پێشکەش بکات.
فەتی یڵدز پێشبینیی کرد سەرۆکی پەرلەمان نووسراو ئاڕاستەی پارتەکان بکات بۆ دیاریکردنی ئەندامەکانیان. ئەم کۆمیسیۆنە بەشێکە لە یاسای ژمارە 7595 بۆ "بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتنی کۆمەڵایەتی" تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری، کە لە 10ی ئابی 2026 لە پەرلەمانی تورکیا پەسندکرا بۆ ئەوەی وەک میکانیزمێکی فەرمیی پەرلەمانی بۆ بەدواداچوونی پرۆسەی ئاشتی کار بکات.