بە گوێرەی زانیارییەکان، بە دەستپێشخەری و ڕێکخستنی دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکانی تورکیا، لە مانگی ئەیلولی 2026 کۆبوونەوەی نهێنی و ڕووبەڕوو لە نێوان بەرپرسانی هەواڵگری و وەزارەتی دەرەوەی حکومەتی نوێی سوریا و نێنەرانی حزبوڵای لوبنانی لە تورکیا بەڕێوە چووە.
ئامانجی ئەم دانوستانانە کەمکردنەوەی گرژییەکان و پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە بووە دوای گۆڕانکارییە سیاسییەکانی سوریا.
لە کۆبوونەوەکاندا، لایەنی سوری داوای لە حزبوڵا کردووە هاوکار بێت لە ڕاگرتنی قاچاخچێتیی چەک لە سنوورەکان و هەڵوەشاندنەوەی شانە چەکدارییەکانی رێکخراوەکە لە باشووری سوریا. لە بەرامبەردا، دیمەشق بەڵێنی داوە، هیچ دەستوەردانێکی سەربازی بۆ چەکداماڵینی حزبوڵا لە ناو خاکی لوبناندا ناکات.
سەرباری ئەوەی نوێنەرانی حزبوڵا بەڵێنی دەستوەرنەدانیان لە کاروباری ناوخۆی سوریا داوە، بەڵام وەڵامێکی ڕوونیان بۆ داواکارییەکانی قاچاخچێتی و شانە سنوورییەکان نەداوەتەوە.
سەرەڕای ئەوەی ئێران وەک پشتیوانێکی سەرەکی لەم دیالۆگە ئاگادار کرابووەوە، بەڵام بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەشداریی لە کۆبوونەوەکەدا نەکرد، ئەمەش بووەتە هۆی ناڕەزایەتیی حزبوڵا و دروستبوونی ئاستەنگ لە بەردەم گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی.
پەیوندییەکانی نێوان سوریا و حزبوڵا دوای رووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە کۆتایی ساڵی 2024 تووشی ساردییەکی قووڵ بووبووەوە، تاوەکو لە تەمووزی 2026 ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریا، ئامادەییی دیمەشقی بۆ دیالۆگ دەڕبڕی.