وەزارەتی بەرگریی تورکیا پێشوازیی لە هەنگاوەکانی حکومەتی ناوەندیی عێراق لە شنگال کرد و ڕایگەیاند کە کشانەوەی هێزەکانیان لە بنکەی سەربازیی بەعشیقە و زێلکان بە قۆناغ و بەگوێرەی خشتەیەکی کاتیی دیاریکراو ئەنجام دەدرێت.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە دا کە بوونی پێشووی هێزەکانیان لەو بنکانەدا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١٥، کە لەسەر داواکاریی فەرمیی حکومەتی عێراق و بۆ مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی ڕێکخراوی ترۆریستیی داعش لەو ناوچەیە جێگیر کرابوون.
هاوکات لە ڕاگەیەنراوەکەدا جەخت کرایەوە کە تورکیا وەک هەمیشە لە پاڵ عێراقدا دەبێت بۆ دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیری، و لە داهاتووشدا هاوکارییە سەربازی و ئەمنییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە بوارەکانی ڕاهێنان، پەرەپێدانی توانای سەربازی و ئاڵوگۆڕی ئەزموون لە دژی تیرۆر زیاتر پەرە پێ دەدرێن.