ڕاستەوخۆ

سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق دەستبەکاربوو

reset font size increase font size

 

پڕۆسەی دەستاودەستکردنی دەسەڵات لە بەغدا کۆتایی هات و عەلی فالح زەیدی بە فەرمی وەک سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەستبەکاربوو، بەمەش کابینەی نوێی حکومەت هەنگاوە دەستوورییەکانی خۆی دەستپێکرد.

ئەمڕۆ شەممە، 16ی ئایاری 2026، لە کۆشکی حکومەت لە بەغدا، ڕێوڕەسمی وەرگرتن و ڕادەستکردنی ئەرکەکان لە نێوان محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی پێشوو و عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق بەڕێوەچوو. لەم ڕێوڕەسمەدا زەیدی بە فەرمی سەرجەم دەسەڵاتە یاسایی و دەستوورییەکانی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی وەرگرت.

هاوکات لەگەڵ دەستبەکاربوونی کابینە نوێیەکە، باسم محەممەد خزەیر، لە کاتی دەستبەکاربوونی وەک وەزیری نوێی نەوتی عێراق، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتی عەلی زەیدی یەکەم کۆبوونەوەی فەرمیی خۆی ئەنجام دەدات بۆ تاووتوێکردنی هێڵە گشتییەکانی کارنامەی حکومەت."

کابینە وەزارییەکەی عەلی فالح زەیدی لە 23 وەزارەت پێکهاتووە؛ ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە، 14ی ئایار، 19 کاندیدی وەزیر برانە هۆڵی پەرلەمان، لەوانە دەنگ بە 18 بەربژێر درا و لە کۆتاییدا 14 وەزیر متمانیان پێدرا و پەسندکران، لە کاتێکدا دەنگدان لەسەر وەزیری ناوخۆ دواخرا و چوار وەزارەتی دیکەش ماون کە بخرێنە دەنگدانەوە.

عەلی زەیدی لە یەکەم گوتاری فەرمیی خۆیدا دوای وەرگرتنی پۆستەکەی، ستراتیژیەتی کابینەکەی ڕوونکردەوە و ڕایگەیاند، "به‌ هه‌موو توانامانه‌وه‌ كار ده‌كه‌ین بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و ڕێگە نادەین سامانی گشتی بەفیڕۆ بدرێت."

سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق بەڵێنیدا کە گوێگرتن لە داواکارییەکانی هاوڵاتیان بنەمای کارەکانی دەبێت و گوتی: "عێراق دەبێتە دەوڵەتی دامەزراوەکان. کار دەکەین بۆ نەهێشتنی بێکاری و دابینکردنی یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی کە کاری لەپێشینەی ئێمەیە."

لە کۆتایی گوتارەکەیدا، زەیدی تیشکی خستە سەر کەرتی خزمەتگوزاریی گشتی و دووپاتی کردەوە کە بە هیچ شێوەیەک پڕۆژە بنەڕەتییەکان دواناخەن، بەتایبەتی ئەو پڕۆژانەی پێوەندییان بە باشترکردنی کەرتی ئاوی خواردنەوە، تۆڕەکانی کارەبا و نۆژەنکردنەوەی ڕێگەوبانەکانی وڵاتەوە هەیە.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.