باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا و کۆنسوڵخانەی گشتی لە هەولێر، لە سایەی بەرزبوونەوەی گرژییە ناوچەیییەکانەوە، هۆشدارییەکی ئەمنییان بۆ هاووڵاتییانی ئەمەریکی لە عێراق و سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەرکرد.
لە هۆشدارییە هاوبەشەکەدا کە ئەمڕۆ شەممە (١ی ئابی ٢٠٢٦) بڵاوکرایەوە، نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکانی ئەمەریکا داوایان لە هاووڵاتییانیان کرد کە هۆشیاریی خۆیان بەرزبکەنەوە و ئامادەبن بۆ ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان، داخستنی کاتیی ئاسمانی ناوچەکە و تێکچوونی ڕەوتی گەشتکردن.
باڵیۆزخانەکە ئاماژەی بەوە داوە کە هەندێک لە هێڵە ئاسمانییەکانی ناوچەکە دەستپێکردنەوەی گەشتەکانیان دواخستووە یان هەندێک لە هێڵەکانیان هەڵوەشاندووەتەوە. هەروەها داوا لە هاووڵاتییە ئەمەریکییەکان کراوە کە بیر لە جێهێشتنی ناوچەکە بکەنەوە یان ئامادەباشیان هەبێت بۆ بەجێهێشتنی لە ئەگەر خراپتربوونی دۆخەکەدا.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە دامەزراوە دیپلۆماسییەکان، کۆمپانیاکان و بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە چەندین شوێن کەوتوونەتە بەر ئامانج، و هۆشداری درا کە ئێران و ئەو گرووپانەی پشتیوانی لە تاران دەکەن لەوانەیە شوێنەکانی تایبەت بە ئەمەریکییەکان لە جیهاندا بکەنە ئامانج.
سەبارەت بە دۆخی عێراق، نوێنەرایەتییەکانی ئەمەریکا جەختیان لەوە کردەوە کە پێویستە هاووڵاتییانیان ئاستی ئامادەباشییان بەرز ڕابگرن، بەدواداچوون بۆ ڕاگەیەندراوە فەرمییەکان بکەن و پابەندی ڕێنماییە خۆجێییەکان بن.
هەروەها هاندراون بۆ خۆتۆمارکردن لە سیستەمی گەشتیاریی وزارەتی دەرەوە (STEP) بۆ وەرگرتنی نوێترین زانیارییە ئەمنییەکان.