ژمارەیەک پەرلەمانتار لە فراکسیۆنە جیاوازەکان هەوڵ بۆ ڕکخستنی دانیشتنێکی تایبەتی پەرلەمانی عێراق دەدەن سەبارەت بەو هێرشانەی کە کراونەتە سەر پێگەکانی حەشدی شەعبی.
ژمارەیەک پەرلەمانتار لە فراکسیۆنە جیاوازەکانی پەرلەمانی عێراق لە هەوڵی واژۆکۆکردنەوەدان بۆ ئەوەی پەرلەمان دانیشتنێکی تایبەت بە هێرشەکانی ئەمەریکا و سعودیە بۆ سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی ڕێکبخات.
ڕیاز ئەدای، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، جووڵەیەکی فراکسیۆنە جیاوازەکانی پەرلەمان هەیە بۆ ئەوەی پەرلەمان دانیشتنێکی بەپەلە و نائاسایی تایبەت بە دەستدرێژییەکانی سعودیە و ئەمەریکا ئەنجام بدات و تاوتوێی وردی هێرشەکە و کاریگەرییەکانی لەسەر پەیوەندییەکانی عێراق بکات.
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوە دا که تا ئێستا ١١٤ واژۆی پەرلەمانتاران کۆکراوەتەوە و هەوڵەکان بۆ کۆکردنەوەی واژۆی زیاتر بەردەوامن.
جێگەی ئاماژەیە، ڕۆژی ٢٩ی تەممووز ئەمەریکا و سعودیە بە هەماهەنگی هێرشێکی فراوانیان کردە سەر چەند بارەگایەکی حەشدی شەعبی لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق، وەک وەڵامێک بۆ ئەو هێرشە درۆنییەی کە کرابووە سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیە، پاش ئەوەی ریاض گرووپە چەکدارەکانی عێراقی بەو هێرشە تۆمەتبار کرد.