ڕاستەوخۆ

مامۆستایەکی زمانی ئینگلیزی لە ورمێ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەرکرا

reset font size increase font size

هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە شاری ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ژنە چالاکوان و مامۆستایەکی زمانی ئینگلیزییان دەستبەسەر کردووە و چارەنووسی ناوبراویش نادیارە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کە ڕۆژی هەینی بڵاوکراوەتەوە، ئەو هاوڵاتییە کوردە ناوی "فروزان ئیسلامی"یە و دانیشتووی شاری ورمێیە، کە هاوکات لەگەڵ پیشەی مامۆستایەتی، بەڕێوەبەری ئەکادیمیا و پەیمانگای زمانی "نەوجەوان"ـە لەو شارەدا.

سەرچاوەکانی زانیاری ئاماژە بەوە دەکەن کە دەستگیرکردنی فۆروزان ماوەی چەند ڕۆژێکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئێرانەوە ئەنجامدراوە.

بە گوتەی سەرچاوەکان بۆ ڕێکخراوەکە، پرۆسەی دەستبەسەرکردنی ئەم مامۆستایە بەبێ نیشاندانی هیچ جۆرە فەرمانێکی یاسایی یان بڕیاری دادوەر بەڕێوەچووە.

جێگەی ئاماژەیە، سەرڕای تێپەڕبوونی چەند ڕۆژێک بەسەر ڕووداوەکەدا، تائێستا هیچ زانیارییەکی ورد و فەرمی سەبارەت بە هۆکاری دەستگیرکردنی، ئەو تۆمەتانەی کە لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە ئاڕاستەی کراون، و هەروەها شوێنی ڕاگرتن و دەستبەسەرکردنی بەردەست نییە، ئەمەش نیگەرانی لای خێزان و کەسوکاری دروستکردووە.

دەستگیرکردنی هاووڵاتیان و چالاکوانانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەبێ بوونی بەڵگەی یاسایی، یەکێکە لەو بابەتانەی کە بەردەوام لەلایەن ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە ڕەخنەی لێدەگیرێت و هۆشداری لەسەر دەدرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.