ئامادەکردنی: کوردستان لەزگییەڤا
کازاخستان میوانداریی کۆبوونەوەی لوتکەی دەوڵەتانی ڕێکخراوی دەوڵەتە تورکییەکانی کرد، کە وڵاتانی ئازەربایجان، کازاخستان، کڕغیزستان، تورکیا، تورکمانستان و ئۆزبەکستان لەخۆدەگرێت و هەنگاریاش وەک ئەندامی چاودێر تێیدا ئامادە بوو. لەم لوتکەیەدا ئەجێندایەکی نوێ بۆ داهاتووی پەیوەندییەکانی نێوان ئەو وڵاتانە خرایە ڕوو.
لە کلتوورەوە بۆ ژیریی دەستکرد
پەیامی سەرەکیی سەرۆکی کازاخستان، قاسم جۆمەرت تۆکایێڤ لەم لوتکەیەدا ئەوە بوو، کە پێویستە چەمکی هاوکاریی نێوان وڵاتانی تورک لە سنوورە داخراوەکانی کلتوور و مێژووەوە، بەرەو ئابووری، تەکنەلۆژیا، بەدیجیتاڵکردن و پەرەپێدانی ژیریی دەستکرد بگوازرێتەوە.
لە بنەڕەتدا، ئاستانە دەیەوێت مۆدێلێکی نوێی یەکگرتنی تورکی دابڕێژێت، کە تێیدا ئەولەویەتی ڕەها بە پڕۆژەکانی وەبەرهێنان، بواری گواستنەوە و لۆجیستیک، ژیریی دەستکرد، ئابووریی دیجیتاڵی و گەشەپێدانی تەکنەلۆژی دەدرێت؛ بەمەش ئەجێندای مرۆیی و کلتووری دەبێتە بەشێک لە ستراتیژێکی فراوانتر بۆ مۆدێرنیزەکردن و هاوکاریی ئۆراسیایی.
ڕێکخراوەکە سەربازی نییە
لەم لوتکەیەدا بەتایبەتی ئەوە ڕوونکراوەتەوە کە ڕێکخراوی دەوڵەتانی تورک، هاوپەیمانییەکی سەربازی یان بلۆکێکی سەربازی-سیاسی نییە. بەرپرسانی ڕێکخراوەکە ئاماژە بەوە دەکەن کە هاوکاریی سەربازیی نێوان وڵاتان دەبێت تەنها لەسەر بنەمایەکی دووقۆڵی و بە ڕەچاوکردنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی دەوڵەتانی بەشداربوو پەرەی پێبدرێت، نەک وەک بلۆکێکی هێرشبەر یان بەرگریی بەکۆمەڵ.
سەرۆکی کازاخستان لە لوتکەی وڵاتانی تورکدا، تیشکی خستە سەر چەمکی "ئەڵتای - نیشتمانی باوان و باپیرانی تورکەکان" لە ڕووسیا، و پشتگیریی تەواوی خۆی بۆ ئەم ئەجێندایە لە ناوخۆی ڕێکخراوەکە و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش ڕاگەیاند.
دیالۆگی ترانس-ئەڵتای چییە؟
پێش ئەم کۆبوونەوەیە و لە لوتکەی ڕێکخراوی هاوکاریی شەنگهای لە ١ـی ئەیلوولی 2025، تۆکایێڤ دەستپێشخەرییەکەی بە ناوی "دیالۆگی ترانس-ئەڵتای" پێشنیاز کردبوو، کە فۆرماتێکی نوێی هاوکارییە لە نێوان چوار وڵاتی بنەڕەتی (کازاخستان، ڕووسیا، چین و مەنگۆلیا) لە دەوری پۆتانسێلی گەورەی "هەرێمی ئەڵتای".
لە کۆتاییدا، لە میانەی بەردەوامیی گرژییە جیهانییەکان و گەڕانی بەردەوامی ڕووسیا بەدوای پلاتفۆرمی نوێدا بۆ هاوکاریی هەرێمی، ڕێکخراوی دەوڵەتانی تورک بە شێوەیەکی کاریگەر نەبووەتە ڕێکخراوێکی سیاسیی ئاڵۆز، بەڵام لە داهاتوودا دەتوانێت ببێتە دەرفەتێکی زێڕین بۆ هاوکاریی ئابووری، تەکنەلۆژی و مرۆیی لە سەرتاسەری ناوچەی ئۆراسیادا.