لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا گۆڕانکارییەکی پێچەوانە لە نرخی گۆشتی سوور و گۆشتی مریشکدا تۆمار کراوە، لە کاتێکدا نرخی گۆشتی مریشک ڕووی لە دابەزین کردووە، نرخی گۆشتی سوور بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز بووەتەوە.
لە ماوەی یەک هەفتەدا، کیلۆی گۆشتی مریشکی سپی لە 3,750 دینارەوە بۆ 3,300 دینار دابەزیوە. بەڵام لە بەرامبەردا، نرخی کیلۆیەک گۆشتی نەرمەی گوێرەکەی خۆماڵی لە 22 هەزار دینارەوە بۆ 24 تا 26 هەزار دینار بەرز بووەتەوە و گۆشتی زیندەقەپانیش گەیشتووەتە 10 هەزار دینار بۆ هەر کیلۆیەک.
فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە هۆکارەکان ڕایگەیاند، هەرزانبوونی مریشک پەیوەندیی بە زۆریی خستنەڕوو و کەمبوونەوەی خواستەوە هەیە لەم وەرزەدا. ڕاشیگەیاند، توانای بەرهەمهێنانی ساڵانەی پەلەوەر لە هەرێم 300 هەزار تەنە، لە کاتێکدا پێداویستیی ناوخۆ تەنیا 150 هەزار تەنە و بڕی زیادەش دەنێردرێتە پارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاست عێراق.
بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ ئاماژەی بە چەند هۆکارێک کرد، لەوانە بەرزبوونەوەی جیهانیی نرخی گۆشت لە 1,400 دۆلارەوە بۆ 3,200 دۆلار بۆ هەر تەنێک لە دوو ساڵی ڕابردوودا، بەرزبوونەوەی کرێی گواستنەوە، هەروەها جێبەجێکردنی سیستەمی گومرگیی ئەسیکۆدا، کە باجی گومرگیی هەر تەنێک ئاژەڵی زیندوی لە 100 دۆلارەوە بۆ 600 دۆلار بەرز کردووەتەوە.
فیراس سدیق ئاماژەی بەوەش کرد، پێداویستیی ساڵانەی هەرێم بۆ گۆشتی سوور 90 هەزار تەنە، کە 50 هەزار تەنی لە ناوخۆدا بەرهەم دەهێنرێت و 40 هەزار تەنی هاوردە دەکرێت.