تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی گشتیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لەبارەی پڕۆسەی ئاشتییەوە ڕایگەیاند، چووینەتە قۆناغێکەوە، کە ڕاگرتنی مەحاڵە.
تونجەر باکرهان ئەو دەنگۆیانەی ڕەت کردەوە، کە باس لە بوونی ڕێککەوتنی هەڵبژاردن لە نێوان ئەوان و ئاکەپە و مەهەپەدا دەکەن و ڕایگەیاند، خستنەڕووی ئەم جۆرە بانگەشانە بێڕێزییە بەرامبەر بڕیار و ئیرادەی سیاسیی لایەنەکان.
هاوسەرۆکی دەم پارتی ئاماژەی بەوە کرد، بانگەشەی ڕێککەوتنی هەڵبژاردن لەگەڵ ئەردۆغان و باخچەلی زیادەڕەوییە و ڕوانینێکی بەتاڵە. گوتیشی: "ئایا سەرۆککۆماری وڵاتێک و ڕێبەری پارتێکی ئەوەندە گرنگ دێن لەگەڵ ئێمە پازاڕیی هەڵبژاردن بکەن؟، بڕوا بکەن هیچ شتێکی لەو شێوەیە لە ئارادا نییە".
تونجەر باکرهان تیشکی خستە سەر ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕوونی کردەوە، لە کاتێکدا دۆخی ئێران، سوریا و عێراق نادیارە و هێزە ناوچەیییەکان یاریی خۆیان دەکەن، پێویستە تورکیاش چارەسەری کێشەی 100 ساڵەی کورد بکات و ئاشتی ناوخۆیی بەدی بێنێت.
هاوسەرۆکی دەم پارتی ئاماژەی بەوە کرد، لەگەڵ کردنەوەی دەرگەی پەرلەمان لە مانگی تشرینی یەکەمی 2026، هەنگاوی گرنگ و کردەیی زیاتر دەنرێن. جەختیشی کردەوە: "ئاشتی لە هەموو شتێک گەورەترە. ئەگەر دەست پێ بکات ڕاگرتنی ئەستەمە، ئێستا چوینەتە قۆناغێکەوە کەس ناتوانێت بیوەستێنێت".