بڕیارە سبەی پیاوانی نێو لایەنە سیاسییەکان و دامەزراوە مەدەنییەکان لە ئامەد دژی توندوتیژی و کوشتنی ژنان خۆپیشاندان بکەن.
لە وەڵامدانەوەی بانگەوازی ئەنجومەنی ژنانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، ژمارەیەک لەو پیاوانەی لەناو پارتە سیاسییەکان و دامەزراوە مەدەنییەکاندا کار دەکەن، بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و داوایان لە پیاوان کرد بەشداری لە ڕێپێوانی دژی توندوتیژی و کوشتنی ژنان بکەن.
بەیاننامەکە لەبەردەم باڵەخانەی دەم پارتی لە ئامەد خوێندرایەوە، ئەحمەد دۆغان، هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان (دەبەپە) لە ئامەد و سەرهات ئەرەن، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە ئامەد قسەیان کرد.
سەرهات ئەرەن سەرنجی خستە سەر خەباتی ساڵانی ڕابردووی ژنان و گوتی: ساڵانێکە ژنان دەڵێن کوشتنی ژنان سیاسییە، ئەوان پەیامێکیان پێداین و ئێمەش ئەو پەیامەمان وەرگرت، ئەرکی سەرشانمانە ڕووبەڕووی توندوتیژیی ببینەوە و لەڕووی دەسەڵاتدارییەوە هۆشیاریی پیاوان بگۆڕین.