ڕۆژنامەی فەرەنسیی لۆمۆند ڕاپۆرتێکی بەرفراوانی لەسەر پرسە و ڕێوڕەسمەکانی یادکردنەوەی گەریلاکانی پەکەکە بڵاوکردەوە کە لە کوردستان و تورکیا ڕێکدەخرێن.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە دوای ئاشکراکردنی ناسنامەی نزیکەی ١٠٠ گەریلای شەهید لەلایەن پەکەکەوە، کەسوکارەکەیان لە شارەکانی وەک ئامەد، وان و ئیستەنبوڵ دەستیان بە ڕێوڕەسمی پرسە و سەرەخۆشی کردووە.
بەپێی هەڵسەنگاندنی لۆمۆند، ئەم ڕێوڕەسمانە تەنیا لەبەر ئەوە گرنگ نین کە کەسوکارەکان دوای ساڵانێک لە چارەنووسی منداڵەکانیان ئاگادار دەبنەوە، بەڵکو لە هەمان کاتدا کاریگەریی پڕۆسەی ئاشتی لەسەر کۆمەڵگە لە تورکیا دەردەخەن.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە بۆ لایەنە کوردییەکان ئامانجی سەرەکی بەردەوامبوونی تێکۆشانە بۆ مافی یەکسان لەسەر زەمینەی یاسایی و سیاسی، لە کاتێکدا دۆخی ماف و ئازادییەکان لە تورکیا وەک قورسترین و هەستیارترین پرس پێناسە کراوە.