هاوسەرۆکی کەجەکە، ڕایگەیاند، یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لە هەرێمی کوردستان، هەنگاوێکی ئەرێنییە.
لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ میدیا خەبەر، بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان، دەشڵێت، هیوادارن لە هەرێمی کوردستان حکومەتێکی دیموکراتی پێکبهێنرێت، کە سەرجەم توێژەکانی کۆمەڵگە لەخۆ بگرێت.
لە بارەی پرۆسەی ئاشتیشەوە قسەی کردووە و دەڵێت، چارەسەری کێشەی کورد لە تورکیا، تەنیا بە دیموکراتیزەبوونی ئەو وڵاتە و داڕشتنی دەستوورێکی نوێ دەکرێت.
گوتیشی، پرۆسەکە بە هێواشی بەڕێوەدەچێت و دەوڵەت هەنگاوی خێرای بۆ نەناوە، بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکەش، پێویستە پێگەیەکی فەرمیی بدرێتە ئۆجالان.
هاوسەرۆکی کەجەکە ڕەخنەشی لە زهنیەتی مەرکەزیی دیمەشق گرت و گوتی: تێکەڵبوون و هاوبەشیی ڕاستەقینە، تەسلیمکردنەوەی دەزگا خۆبەڕێوەبەرەکان نییە، بەڵکو گۆڕینی زهنیەتی دەوڵەت و داننان بە خۆبەڕێوەبەریی هەرێمییدایە. هەروەها داواکاری بۆ زمانی کوردی مافێکی ڕەوایە.
لەبارەی ئێرانیشەوە ئاماژەی بەوە کرد، ڕژێمی ئێران شەرعییەتی خۆی لەدەست داوە؛ یان دەبێت چاکسازیی دیموکراتی بکات، یان بەرەو ڕووخان دەچێت.