بڕیارە هەفتەی داهاتوو شاندێکی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی عەبدوڵڵای حاجی مەحمود، وەزیری کاروباری شەهیدان، سەردانی بەغدا بکات بە مەبەستی تەواوکردنی ڕێکارەکانی تایبەت بە پرسی موچەی زیندانیانی سیاسی لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵ.
ئەمڕۆ سێشەممە، 22ی ئەیلولی 2026، ئەحمەد مام ڕەسول، بەڕێوەبەری گشتیی خزمەتگوزاریی کاروباری زیندانیانی سیاسی لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان ڕایگەیاند، سەرجەم ڕێکارەکانی هاوتاکردنی موچەی زیندانیانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان تەواو کراون و ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانیش ڕەزامەندی لەسەر سەردانەکە دەربڕیوە. هەروەها ڕوونی کردەوە، بەهۆی سەردانی فەرمیی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، گەشتی شاندەکە بۆ هەفتەی داهاتوو دواخراوە.
ئامانجی سەرەکیی ئەم سەردانە درێژەدانە بە ڕێکارە یاسایی و کارگێڕییەکان تاوەکو شایستە داراییەکانی زیندانیانی سیاسی و کەسوکاری شەهیدان لە بودجەی ساڵی 2027دا جێگیر بکرێن و مافە یاساییەکانیان هاوشێوەی هاوتاکانیان لە حکومەتی فیدراڵ لێ بکرێت.
بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەت، 25 هەزار و 868 زیندانیی سیاسی لە هەرێمی کوردستان هەن، کە لەم بڕیارە سوودمەند دەبن، لەگەڵ 36 هەزار و 602 شەهیدی سەنگەر، 11 هەزار و 275 شەهیدی جینۆساید و 20 هەزار و 489 شەهیدی هاوڵاتی.