دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە گوتارێکدا لە بەردەم سەرکردە و نوێنەرانی وڵاتانی جیهان لە کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، دوای هەڵبژاردنی نیوەخول لەگەڵ ئێران ڕێکدەکەون.
دۆناڵد ترەمپ جەختی لەسەر بەهێزیی ئەمریکا کردەوە و ئاماژەی بەوەدا، وڵاتەکەی لە هەمووان بەهێزترە و لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا بەهۆی تووندیی سنوورەکانەوە کەس نەیتوانیوە بە نایاسایی بێتە ناو خاکی ئەمریکاوە.
سەرۆکی ئەمریکا تیشکی خستە سەر ڕۆڵی ئێران لە ناوچەکەدا و گوتی، بۆ ماوەی 51 ساڵ ئێران تیرۆری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بڵاو دەکردەوە، بەڵام دوای ئەوەی پێشنیازە باشەکانی واشنتنیان ڕەت کردەوە، هێرش کرایە سەریان و بەرنامە ئەتۆمییەکەیان تێکشکێنرا. هەروەها وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی دایەوە، کە باسیان لە کەمیی چەک و مووشەکی ئەمریکا دەکرد و بە زانیاریی ناڕاست پێناسەی کردن.
لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، ترەمپ ڕایگەیاند، دوو ڕێگەیان لە پێشە، یان ڕێککەوتنێک، کە ڕێگە بە ئێران بدات وڵاتەکەی بە مەزنتری بونیاد بنێتەوە، یاخود لەناو ببرێت. ترەمپ داواشی لە وڵاتانی جیهان کرد بێنە پاڵ ئەمریکا بۆ گۆشەگیرکردنی ئابووریی ئێران تا ئەو کاتەی دەستبەرداری پشتیوانیکردنی تیرۆر و هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان دەبێت.