سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، سەرەڕای دەستکەوتەکان هێشتا شەڕی ئێران تەواو نەبووە، چونکە تاران یۆرانیۆمی پیتێندراوی لایە و پێویستە بنکە ئەتۆمییەکانی هەڵبوەشێنرێنەوە.
بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە میانی چاوپێکەوتنێکدا لە بەرنامەی 60 خولەکی کەناڵی (سی بی ئێس)ی ئەمریکی ئاماژەی بەوە کرد، هەبوونی یۆرانیۆمی پیتێندراو لە دەستی ئێراندا بەو مانایەیە، کە شەڕەکە هێشتا بەردەوامە و ئامانجە سەرەکییەکانی نەپێکاوە.
نەتانیاهۆ لەبارەی دۆخی شەڕەکە و مەترسییەکانی ئێرانەوە بە کەناڵەکەی ڕاگەیاند: "پێموایە شەڕەکە زۆر شتی بەدەستهێناوە، بەڵام هێشتا کۆتایی نەهاتووە، مادام مادەی ئەتۆمی و یۆرانیۆمی پیتێندراو لە ناو ئێراندا مابێت، شەڕەکە بەردەوامە، دەبێت ئەو کۆگایانە بۆ دەرەوەی ئێران بگوازرێنەوە و بنکەکانی پیتاندنیش هەڵبوەشێنرێنەوە".
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی چۆن دەتوانرێت ئەو بڕە یۆرانیۆمە لە ئێران دەربهێنرێت، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند: "دەچیتە ژوورەوە و دەری دەهێنین".
لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا بەهۆی پەرەسەندنی جەنگی ئێرانەوە، چاودێریی بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران چڕتر بوونەتەوە و نیگەرانییەکان لەبارەی بەرزبوونەوەی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم، لە لایەن تارانەوە زیادیان کردووە.