ئەرکانی گشتیی سوپای ئۆکرانیا ڕایگەیاند، ڕوسیا دوو هەزار و 299 جار ئاگربەستی ڕاگەیەنراوی جەژنی ئیستەری پێشێل کردووە. ڕوسیاش دەڵێ، ئۆکرانیا هەزار و 971 جار ئاگربەستی پێشێلکردووە.
ئەرکانی گشتیی سوپای ئۆکرانیا لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردوە: سەدان هێرشی زەمینی و سەدان هێرشی تۆپخانە و چەندین هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ماوەی ڕاگەیاندنی ئاگربەست لەلایەن ڕوسیاوە ئەنجامدراون.
بەڵام وەزارەتی بەرگریی ڕوسیا ڕایگەیاندوە: سوپای ئۆکرانیا هەزار و 971 جار ئاگربەستی پێشێل کردووە. دەشڵێ، پێشێلکارییەکان لە 11ی نیسانەوە تۆمارکراون.
پێدەچێت ئاگربەستی کاتی کە بە درێژایی هێڵی پێشەوە ڕاگەیەنراوە و زیاتر لە هەزار و 200 کیلۆمەتر درێژ دەبێتەوە، جێبەجێ نەکراوە و لەلایەن هەردوولاوە پێشێلکراوە و ئاماژەکان بۆ ئەوەن گرژی و ئاڵۆزییەکان زیاتر ببن.