وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، هێزەکانیان بەردەوامن لە پێشڕەوییە سەربازییەکانیان لە ناوچەکانی دۆنباس و نۆفۆرۆسیا و جەختی کردەوە، کە لە ئێستادا ئۆپراسیۆنی هێرشبەرانە لە سەرجەم قۆڵەکانی شەڕدا بەردەوامیی هەیە.
بە گوێرەی ڕاگەیاندراوەکەی مۆسکۆ، گرووپی هێزەکانی "زاباد" (ڕۆژاوا) بە هەماهەنگی لەگەڵ هەردوو گرووپی "یوغ" (باشوور) و "تسنتر" (ناوەند) ئۆپراسیۆنەکانیان بۆ سەر دۆنێتسک چڕکردووەتەوە.
هێزەکانی ڕووسیا ڕووبەڕووی هەوڵەکانی سوپای ئۆکرانیا بوونەتەوە بۆ چوونە ناو بەشی ڕۆژاوای کۆپیانسک. هەروەها لە پەکخستن و لەناوبردنی یەکە سەربازییەکانی ئۆکرانیا لە کەناری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئۆسکۆل نزیک دەبنەوە، هاوکات شەڕی قورس لە ناوچەی "بۆدلیمان" بەردەوامە.
یەکەکانی سوپای 25ی ڕووسیا پاش شکاندنی هێڵە بەرگرییەکانی ئۆکرانیا، لە تەواوکردنی کۆنتڕۆڵی شارۆچکەی "کراسنی لیمان" نزیک بوونەتەوە. هاوکات پێشڕەوییان لە پارکی نیشتمانیی "سفیاتی گۆری" کردووە و هێزەکانی ئۆکرانیایان لە "سفیاتۆگۆرسک" و "شۆرۆڤۆ" تێکشکاندووە.
لەسەر ئاستی پێشڕەوییە ستراتیژییەکان، سوپای سێیەمی ڕووسیا لە سەنگەری سلاڤیانسک و کەراماتۆرسک ناوچەی "بیسکۆنۆڤکا"ی کۆنتڕۆڵکردووە و گەیشتووەتە دەوروبەری "نیکۆلایڤکا".
بە گوێرەی ڕاپۆرتە سەربازییەکان، یەکەکانی پێشەوەی سوپای ڕووسیا لە ئێستادا تەنها کەمتر لە پێنج کیلۆمەتر لە گەڕەکەکانی ڕۆژهەڵاتی شاری ستراتیژیی کەراماتۆرسکەوە دوورن.
لە لایەکی دیکەوە، هێزەکانی گرووپی "ناوەند" هێرشەکانیان لە باکووری "کراسنۆارمیسک" فرەوانتر کردووە و لە ئێستادا شەڕی قورس لە ناوچەکانی "دۆبرۆپۆلیە" و "ئانۆڤکا" بەڕێوەدەچێت. وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا ڕاشیگەیاند، شارۆچکەی "لێنینا" بە تەواوی کەوتووەتە ژێر کۆنتڕۆڵی ڕووسیا و پڕۆسەی کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەکانی "شیڤچێنکۆ"، "کراسنۆیارسکی" و "سڤیتلۆی" لە قۆناغی کۆتاییدایە.