لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی بەندەکانی ڕێککەوتنی 29ی کانوونی دووەم، پڕۆسەی ئاڵوگۆڕ و ئازادکردنی دەستبەسەرکراوانی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و هێزەکانی حکومەتی کاتیی سوریا بەردەوامیی هەیە.
لە ناو دەیان شەڕڤانی ئازادکراودا، چیرۆکی گەڕانەوەی دوو شەڕڤان بە ناوەکانی "ئازاد عوسمان" و "عەلا ئیبراهیم" دوای حەوت ساڵ لە دابڕان، بووەتە جێی سەرنجی میدیاکان.
ئەم دوو شەڕڤانە، کە لە کاتی هێرشەکەی ساڵی 2019ی تورکیا بۆ سەر سەرێکانی و گرێ سپی دەستبەسەر کرابوون، دواجار دوێنێ هەینی 17ی تەممووزی 2026 ئازاد کران و شەوی ڕابردوو گەیشتنەوە ناو کەسوکاریان لە شاری قامیشلۆ.
ئازاد عوسمان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ئاژانسی هاوار، چیرۆکی دەستبەسەرکردنیان لە 12ی تشرینی یەکەمی 2019 لە ناوچەی "سلوک" لە کاتی چوونیان بەرەو تەبقا دەگێڕێتەوە و گوتی: "کاتێک بە ڕێگاوە بووین، چەند ئۆتۆمبێلێکی سەربازی، کە چەکداریان تێدابوو هاتنە پێشمان. بەهۆی جۆری جلوبەرگ و ئۆتۆمبێلەکانیانەوە، کە هیچ ئاڵایەکی پێوە نەبوو، وامانزانی هێزەکانی ئەمریکان، بەڵام دەستبەجێ ئێمەیان دەستگیرکرد. چەند خولەکێک دوای گرتنمان، دەنگی تەقینەوە و تەقەیەکی زۆر هات. دوای دوو ڕۆژ، چەکدارەکان پێیان گوتین، کە لەو شوێنەی ئێوەمان لێ گرتووە، هەڤرین خەلەف (سکرتێری پارتی پاشەڕۆژی سووریا)مان کوشتووە".
ئازاد و عەلا بۆ ماوەی حەوت ساڵ لە ژوورێکی تاکەکەسیی تاریکدا پێکەوە بەند دەکرێن و بە تەواوی لە جیهانی دەرەوە دادەبڕێنرێن. ڕێگەیان پێ نەدەدرا چاویان بە هیچ کەسێک بکەوێت یان قسە لەگەڵ کەسدا بکەن.
ئازاد عوسمان سەبارەت بە ڕزگربوونیان لە دەستی چەکدارکەنای سەر بە تورکیا دەڵێت: "هەرگیز بڕوام نەدەکرد ڕۆژێک بێت ئازاد بکرێین. من و هاوڕێم (عەلا) بۆ ئەوەی کاتەکانمان بەڕێ بکەین و شێت نەبین، هەموو یادەوەرییەکانی خۆمان لە سەردەمی منداڵییەوە تا تەمەنی گەورەیی، هەزاران جار بۆ یەکتریمان دەگێڕایەوە. دوای حەوت ساڵ، کتوپڕ هاتن و گوتیان لەگەڵ هەسەدە گەیشتووینەتە ڕێککەوتن و ئازاد دەبن. سەرەتا بڕوامان نەکرد، بەڵام هێناینانە حەلەب و ڕادەستی هەڤاڵانیان کردینەوە".
کاتێک لە ساڵی 2019دا ئازاد عوسمان لەلایەن چەکدارەکانەوە دەستگیرکرا، دوو منداڵی هەبوو و هاوسەرەکەشی دووگیان بوو. تەنها مانگێک دوای زیندانیکردنی، کچەکەی لەدایک دەبێت.
ئێستا ئازاد دوای حەوت ساڵ لە دابڕان، گەیشتووەتەوە ماڵەکەی خۆی لە قامیشلۆ و بۆ یەکەمجار کچە حەوت ساڵانەکەی خۆی بینی و باوەشی پێداکرد.