سەنتەر و ڕێکخراوە دیموکراتییەکانی بواری زمان، کۆنفرانسێکی تایبەتیان لەژێر دروشمی "لە پێگەی یاساییەوە تاوەکو پەروەردە؛ چوارچێوەیەکی نوێ بۆ گفتوگۆ" لە شاری ئامەدی باکووری کوردستان سازکرد و تێیدا جەختیان لە گرنگیی بەدەستهێنانی پێگەی دەستووری بۆ زمانی کوردی کردەوە.
کۆنفرانسەکە لە سەنتەری کۆنگرە و کولتووری "چاندئامەد" بەڕێوەچوو، کە تێیدا ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسایەتی، ڕۆشنبیر و سیاسەتمەداران ئامادە بوون؛
لەوانەش چیدەم کڵچگون ئوجار، هاوسەرۆکی گشتیی پارتی هەرێمە دیموکراتەکان (DBP) و جاهیت کرکازاک، هاوسەرۆکی گشتیی پارتی دیموکراتی گەلان (HDP).
لەهۆڵی کۆنفرانسەکەدا دروشمی "خۆشویستنی زمان، خۆشویستنی نیشتمانە و خۆشویستنی نیشتمانیش خۆشویستنی خودە" بەرزکرابووەوە.
لە دەستپێکی کۆنفرانسەکەدا، موحێدین ئاڵتن، چالاکوانی بواری زمان گوتارێکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند: "ئێمە داوای پێگەیەکی یاسایی و دەستووری بۆ زمانەکەمان دەکەین، چونکە لە ئێستادا زمانی کوردی هیچ پێگەیەکی فەرمی نییە و لە دەرەوەی گەرەنتییە یاساییەکان هێڵدراوەتەوە."
ئاڵتن جەختیشی کردەوە کە "تاوەکو زمانەکەمان نەبێتە زمانی خوێندن و پەروەردە، گەلەکەمان ناتوانێت بڵێت پاشەڕۆژێکی مسۆگەری هەیە." دوای گوتارەکەی، فیلمێکی دۆکیۆمێنتاری لەسەر مێژووی خەبات و کارکردن بۆ زمانی کوردی نمایشکرا.
لەلایەکی دیکەوە، چیدەم کڵچگون ئوجار، هاوسەرۆکی گشتیی DBP لە گوتارێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە هەموو ترسی دەسەڵاتدارانی تورکیا لە پرسی زماندایە، چونکە زمان ناسنامە، مێژوو و کولتووری گەلێکە.
ئوجار گوتیشی: "دەوڵەتی نوێی تورکیا لەسەر بنەمای ئینکارکردنی کورد بونیادنراوە، هەر بۆیەشە فشارێکی گەورە لەسەر زمانەکەمان هەیە. 'پلانی چاکسازیی ڕۆژهەڵات' (Şark Islahat Planı) کە ساڵانێکی زۆرە پەیڕەو دەکرێت، ڕێگر بوو لە گەشەکردنی زمانەکەمان و کوردی لە ناوەندە فەرمییەکان دوورخستەوە، بەڵام ئێمە دەمانەوێت کۆتایی بەو قۆناخە بهێنین."