ڕاستەوخۆ

سێ فراکسیۆنی کوردی لە بەغدا ڕاگەیەندراوێکی هاوبەش لەسەر گرانیی بەنزین بڵاودەکەنەوە

reset font size increase font size

هەرسێ فراکسیۆنی (ڕەوتی هەڵوێستی نیشتمانی، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و کۆمەڵی دادگەریی کوردستان) لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان لەسەر گرانی و بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین و سووتەمەنی لە هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند، کە بە هیچ شێوەیەک لە ئاست ئەم بارگرانییە بێدەنگ نابن.

فراکسیۆنەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، لە کاتێکدا هاونیشتمانیان بەدەست قەیرانی ئابووری و دواکەوتنی مووچەوە دەناڵێنن، بارگرانییەکی تری تاقەتپڕووکێن خراوەتە سەر شانیان کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی کردووەتە سەر بژێویی کاسبکاران، شۆفێران و سەرجەم چین و توێژەکان. لە ڕاگەیەندراوەکەدا سێ هەنگاو و پەیامی سەرەکی خراونەتەڕوو:

یەکەم؛ بەکارهێنانی ڕێکاری یاسایی: فراکسیۆنەکان جەخت دەکەنەوە کە هەموو تواناکانیان چڕ دەکەنەوە لەڕێی پەرلەمان، لیژنە پەیوەندیدارەکان و سەردانی ڕاستەوخۆی وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ گرتنەبەری ڕێگای یاسایی و ئیداری بە مەبەستی ڕێگریکردن لەو دۆخەی کە بە "قۆرخکاریی ئاشکرای حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم" ناویان بردووە.

دووەم؛ لۆمەکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان: لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان بەرپرسیاری یەکەمی ئەم گرانییەیە و نەمانی شەفافییەت لە داهاتی نەوت و پاڵاوگەکان وایکردووە تەنیا هاوڵاتیان باجەکەی بدەن.

سێیەم؛ داواکاری لە بەغدا: داوا لە سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزارەتی نەوتی فیدراڵی دەکەن کە پاڵپشت بە بنەماکانی دەستوور، پشکی پارێزگاکانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە) لە بەنزینی کوالێتی بەرزی حوکمی بە نرخی پاڵپشتیکراو (450 دیناری) زیاد بکەن و ڕێگا نەدەن هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان ببنە قوربانیی ململانێ سیاسییەکان.

لە کۆتاییدا، هەرسێ فراکسیۆنەکە بەڵێنیان بە هاوڵاتیان داوە کە لە بەغداوە بەردەوام دەبن لە بەکارهێنانی سەرجەم کارتە یاسایی، دەستووری و پەرلەمانییەکانیان بۆ کۆتاییهێنان بەم نادادییە و سووککردنی بارگرانیی سەر شانی خەڵک.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.