ڕاستەوخۆ

بەغدا قەدەغەی لەسەر تەماتەی هەرێمی کوردستان هەڵگرت؛ 35 ماددەی خۆراکی خرانە لیستی سوورەوە

reset font size increase font size

وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بە فەرمی قەدەغەی چەند ساڵەی سەر هاوردەکردنی تەماتەی هەرێمی کوردستانی بۆ پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوور هەڵگرت. ئەم بڕیارە هاوکاتە لەگەڵ لوتکەی وەرزی پێگەیشتنی تەماتە لە هەرێمی کوردستان کە بڕەکەی بە 400 هەزار تۆن دەخەمڵێندرێت، ئەوەش دوای یەکخستنی ڕۆژژمێری کشتوکاڵی و جێبەجێکردنی سیستمی گومرگیی "ئەسیکۆدا" لە نێوان هەردوو حکومەتدا.

دکتۆر قارەمان قادر مەولود، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ نووچە تیڤی ڕایگەیاند؛ بەغدا لە 23ی حوزەیرانی 2026دا وەک وەڵامێک بۆ نووسراوی مانگی ئایاری هەرێمی کوردستان، بڕیاریدا تەماتەی کوردستان وەک بەرهەمی ناوخۆیی تەواوی عێراق ئەژمار بکرێت بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیی بازاڕەکانی باشوور.

بۆ ڕێگری لە دزەکردنی بەرهەمی بیانی، دەبێت بارەکان بڕوانامەی مەنشەئی ناوخۆیی هۆبە کشتوکاڵییەکانی هەرێمی کوردستانیان لەگەڵدا بێت و تەنیا لە بازگەکانی مووسڵەوە تێپەڕ ببن.

وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماژەی بەوەش کرد، وەرزی پێگەیشتنی تەماتە لە 11ی ئایار تاوەکو 11ی تشرینی یەکەم دەخایەنێت و بڕەکەی 350 بۆ 400 هەزار تۆنە.

ئێستا لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی سیستمی ئەلیکترۆنیی گومرگیی "ئەسیکۆدا"، کۆدی تەماتەی بیانی و هەر 35 ماددە خۆراکی و کشتوکاڵییە قەدەغەکراوەکە ڕاستەوخۆ خراونەتە لیستی سوورەوە و هاوردەکردنیان بە تەواوی ڕاگیراوە، بە جۆرێک بەهۆی ئەلیکترۆنیبوونی سیستمەکەوە، هیچ دەروازەیەکی سنووری و نافەرمی ناتوانێت ڕێگە بە داخڵبوونیان بدات.

دکتۆر قارەمان دڵنیایی دا کە ئەم بڕیارە تەنیا بۆ پشتگیریکردنی بەرهەمی ناوخۆیی و جوتیارانە، بەڵام ئەگەر لە هەر کاتێکدا بازاڕ پێویستی پێی بێت و نرخ گران بێت، ڕاستەوخۆ کۆدی قەدەغەکردنی ئەو ماددانە لادەبرێت و هاوردەکردن دەستپێدەکاتەوە.

جەختیشی کردەوە کە بازاڕی عێراق بە تەنیا بەس نییە، بەڵکو چارەسەری کۆتایی بۆ ڕێگری لە کەڵەکەبوونی بەرهەم و زیانی جوتیاران، کاراکردنی بەپەلەی کارگەکانی دۆشاوی تەماتە و وشککردنەوەیە بۆ گەیشتن بە خۆبژێویی بەردەوام.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.