ڕاستەوخۆ

39 ساڵ بەسەر کیمیابارانی سەردەشتدا تێدەپەڕێت؛ برینێکی سارێژنەبوو لە جەستەی رۆژهەڵاتی کوردستاندا

reset font size increase font size

ئەمڕۆ 39 ساڵ بەسەر کیمیابارانی شاری سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستاندا تێدەپەڕێت؛ تاوانێک کە تێیدا رژێمی بەعسی عێراق بە گازی خەردەل هێرشی کردە سەر خەڵکی سڤیل و بەهۆیەوە 130 هاووڵاتی شەهید بوون و هەزارانی دیکەش بریندار بوون، کە تاوەکو ئێستاش بەدەست لێکەوتە تەندروستی و دەروونییەکانی ئەو کارەساتەوە دەناڵێنن.

بۆردومانی کیمیایی شاری سەردەشت لە 28ـی حوزەیرانی 1987، یەکەم هێرشی بەربڵاوی چەکی کۆمەڵکوژ بوو دژ بە خەڵکی مەدەنی لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی.

ئەو کارەساتە لە کاتی جەنگی ئێران و عێراقدا ڕوویدا، کاتێک سوپای عێراق بۆ قەرەبووی شکستە سەربازییەکانی لە بەرەکانی جەنگ و دوای هێرشی "کەربەلای 10"، بە ئامانجگرتنی خەڵکی بێتاوانی سەردەشت دەستیدایە ئەم تاوانە گەورەیە.

کاتژمێر 4:15ـی پاشنیوەڕۆی ڕۆژی 28ـی حوزەیرانی 1987، فڕۆکە جەنگییەکانی عێراق بە حەوت بۆمبی گازی خەردەل مەیدانی بازاڕ و گەڕەکە قەرەباڵخەکانی شاری سەردەشتیان بۆردومان کرد.

بەهۆی ئەو هێرشە دڕندانەیەوە، نزیکەی 130 هاووڵاتی کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون شەهید بوون، زیاتر لە 8 هەزار کەس لە دانیشتووانی شارەکەش ژەهراوی و بریندار بوون.

بێدەنگیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بەرانبەر بە کیمیابارانی سەردەشت، ڕێگەی بۆ ڕژێمی ئەوکاتی عێراق خۆش کرد تاوەکو دوای چەند مانگێک، کارەساتی گەورەتر لە هەڵەبجە دووبارە بکاتەوە و بە هەزاران کوردی دیکە کۆمەڵکوژ بکات.

دوای نزیکەی چوار دەیە، کاریگەرییەکانی گازی خەردەل وەک برینێکی هەمیشەیی بەسەر جەستەی دانیشتووانی سەردەشتەوە ماوەتەوە؛ بەرکەوتووانی ئەو بۆردومانە تاوەکو ئێستاش بەدەست نەخۆشییەکانی سی، شێرپەنجەی پێست و چاوئێشەوە دەناڵێنن.

ئەمە لە کاتێکدایە کە ناوەندە تەندروستییەکانی شارەکە بەدەست کەمیی پزیشکی پسپۆڕ و دەرمانی پێویستەوە دەناڵێنن و نەبوونی خزمەتگوزاریی شایستە، ئازاری بریندارانی ئەو تاوانە مێژووییەی قورستر کردووە.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.