لە ئەمڕۆوە لە عێراق دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی شەشی فەرمانبەران دەکرێت و بڕیاریشە هاوتەریب لەگەڵ بەغدا، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش ڕەوانە بکرێت، بەڵام بە بڕینی 120 ملیار دینار وەک داهاتی نانەوتی، کە ئەمەش نیگەرانیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لێکەوتووەتەوە.
فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق فەرمانی بە فەرمانگەی ژمێریاری کردووە کە لە ئەمڕۆوە دەست بە خەرجکردنی مووچەی مانگی حوزەیران بکرێت. بە گوێرەی بڕیارێکی پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق، لە کاتی ڕەوانەکردنی پشکی هەرێمی کوردستان، بڕی 120 ملیار دینار وەک نیوەی داهاتی نانەوتیی هەرێم دەبڕدرێت و پاشان پارەکە دەنێردرێت.
لە بەرامبەردا، سەرۆکایەتیی حکومەت و وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیێنن کە بڕینی ئەو 120 ملیار دینارە لە پشکی مووچە نایاساییە و کێشە بۆ دابەشکردنی مووچە لە هەرێمی کوردستان دروست دەکات؛
ئاماژە بەوەش دەکەن کە بەهۆی کەمبوونەوەی بەربلاوی داهاتی ناوخۆ، ناتوانن ئەو کورتهێنانە پڕ بکەنەوە.
بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، بڕیارە هەر ئەمڕۆ شاندێکی تەکنیکیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بگاتە بەغدا، تاوەکو لەگەڵ بەرپرسانی دارایی حکومەتی فیدراڵ گفتوگۆ لەسەر شێوازی هەژمارکردنی داهاتی نانەوتی بکەن و ڕێگری لە دروستبوونی قەیرانی مووچە بکەن.