دکتۆر موسەنا ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ "نووچە تیڤی" ڕایگەیاند، جیاوازییەکی یەکجار زۆر و نالۆژیکی لە نرخی بەنزین و غازی ماڵان لە نێوان هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی ناوەڕاست و خواری عێراقدا هەیە، ئەمەش بە تەواوی بە پێچەوانەی بنەماکانی حوکمڕانیی تەندروستە.
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوە کرد، لە کاتێکدا عێراق ڕۆژانە 50 هەزار بەرمیل نەوت بۆ پاڵاوتنی ناوخۆیی و سوودمەندبوونی هاوڵاتیان دەداتە هەرێم، بەڵام کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت ئەم نەوتە بە خۆڕایی وەردەگرن و تەنیا بۆ پڕکردنی گیرفانی خۆیان بەکاری دەهێنن، بێ ئەوەی نرخ لەسەر هاوڵاتیانی هەرێم کەم بکەنەوە یان خزمەتگوزارییەکانی پێ باشتر بکەن، ئەمەش غەدرێکی گەورەیە لە هاوڵاتیان دەکرێت.
د. موسەنا ئەمین جەختی لەوەش کردەوە، سەرەڕای ئەوەی پێشتر بە ئامادەبوونی وەزیری نەوت و ستافەکەی ئەم بابەتەیان لە پەرلەمان ورووژاندووە و سەرۆکایەتی پەرلەمانیش داوای ڕوونکردنەوەی کردووە.
بەڵام تا ئێستا وەڵامێکی فەرمییان پێنەگەیشتووە. ڕوونیشیکردەوە، لە حەفتەی یەکەمی مانگی حەوتدا، لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی پەرلەمان، خولێکی توندی لێپرسینەوە لە بەرپرسانی وەزارەتی نەوت دەستپێدەکات و بەدواداچوونی تەواو بۆ ئەم کەیسە دەکەن.