لە شاری وانی باکووری کوردستان، دەیان هەزار کەس بەشدارییان لە "میتینگی ئازادی"دا کرد؛ لە کۆبوونەوە جەماوەرییەکەدا سەرکردە سیاسییەکانی کورد رایانگەیاند کە کاتی بەدەستهێنانی پێگەی سیاسییە بۆ گەلی کورد و کێشەی کورد بە کوشتن و زوڵم چارەسەر نابێت.
میتینگەکە لە لایەن دەم پارتی، DBP و تەڤگەری ژنانی ئازاد (TJA) لە گۆڕەپانی نەورۆزی وان رێکخرابوو، کە تێیدا دەیان هەزار کەس بە بەرزکردنەوەی دروشم و گوتنی مارشی "چەرخا شۆڕشێ" کۆبوونەوە.
سەباحەت تونجەل، چالاکڤانی TJA لە گوتارێکدا رایگەیاند: "ئێمە لە ماوەی 50 ساڵدا باجی گەورەمان دا و ئازاری زۆرمان چەشت، بەڵام هەرگیز چۆکمان دانەدا، درێژەمان بە بەرخودان دا و سەرکەوتین؛ ئێستاش کاتی ئازادییە."
هاوکات کەسکین بایندر، هاوسەرۆکی گشتیی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (DBP) جەختی لەسەر مافی خۆبەڕێوەبردنی گەلی کورد کردەوە و گوتی: "ئێمە چیتر دەمانەوێت ببینە خاوەن پێگەی سیاسی (ستاتۆ).
تاوەکو ئێستا ویستیان کێشەی کورد بە کۆمەڵکوژی چارەسەر بکەن، بەڵام لەمەودوا هیچ کوردێک چۆک بۆ زوڵم دانانێت. کورد دەتوانێت خۆی بەڕێوەببات."
بایندر راشیگەیاند کە پێویستە لەم پرۆسە مێژووییەدا گەلی کورد یەکێتیی خۆی بپارێزێت بۆ ئەوەی پێکەوە هەنگاو بە دەوڵەت بنێن.