پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) ئامادەکارییەکانی بۆ بەستنی پێنجەمین کۆنگرەی ئاسایی خۆی دەستپێکردووە و بڕیارە لە ئەیلوولی ئەمساڵدا سازبکرێت.
چاوەڕوانیش دەکرێت گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە پەیڕەو و پڕۆگرامی حزبەکەدا بکرێت.
ئەلیف بوڵوت، جێگری هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی بۆ کاروباری ڕێکخستن ڕایگەیاند، لە ئێستادا کۆمیسیۆنی باڵای کۆنگرە و کۆمیسیۆنە لاوەکییەکان دەستیان بە کارەکانیان کردووە.
ئاماژەی بەوەش کرد کە زنجیرە کۆنفرانسەکانی حزبەکە وەک ئامادەکارییەک بۆ کۆنگرە، تاوەکو مانگی ئابی ئەمساڵ کۆتاییان دێت، بۆ ئەوەی لە مانگی ئەیلوولدا کۆنگرەی ئاسایی ببەسترێت.
جێگری هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی ڕوونی کردەوە، بڕیار و گۆڕانکارییە ڕیشەیییەکانی ئەم کۆنگرەیە لەسەر بنەمای ئەو پێشنیاز و داواکارییانە دەبێت کە لە ئاستی کۆنفڕانسی شار و شارۆچکەکاندا کۆدەکرێنەوە.
بەگوێرەی خشتەی کارەکانی کۆنگرە، پێکهاتەی ئەنجوومەنی گشتیی حزبەکە نوێ دەکرێتەوە، هاوکات لە ڕێگەی دامەزراندنی کۆمیسیۆنێکی تایبەتەوە، پەیڕەو و پڕۆگرامی نوێی دەم پارتی بە شێوازێکی بەرفراوانتر دادەڕێژرێتەوە.