قاسم ئەعریجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای ئەمنی گەیشتە شاری سلێمانی؛ ئامانجی سەردانەکەش تاوتوێکردنی دۆسیەی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە لە هەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، قاسم ئەعریجی و شاندی یاوەری لەلایەن جەلال شێخ ناجی، سەرۆکی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/زانیاری پێشوازییان لێکرا و لە سەرەتای سەردانەکەیاندا چوونە سەر مەزاری سەرۆک مام جەلال لە دەباشان.
ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەڤانیدا ڕایگەیاند، سەردانەکەیان وەک لیژنەی باڵای ئەمنیی نێوان عێراق و ئێرانە و تایبەتە بە پرسی حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران.
ئاماژەی بەوەش کرد کە بۆ هەمان مەبەست، شاندە باڵا ئەمنییەکە سەردانی شاری هەولێریش دەکات.
هەر بە گوێرەی زانیارییەکان، بڕیارە هەر ئەمڕۆ قاسم ئەعریجی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆببێتەوە بۆ تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتە ئەمنییەکان و جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئەمنیی نێوان بەغدا و تاران.