دادگایەکی ئێران سزای 74 قامچی، دوو ساڵ قەدەغەکردنی گەشتکردن بۆ دەرەوەی وڵات و دوو ساڵ بێ بەشکردن لە چالاکیی هونەریی بەسەر پەرستۆ ئەحمەدی، ژنە گۆرانیبێژی ئێرانی و هەشت ئەندامی دیکەی گرووپی مۆسیقای "کۆنسێرتی کاروانسرا"دا سەپاند.
بەگوێرەی بڕیارێکی دادگای تاوانەکانی پارێزگای قوم، ئەو 9هونەرمەندە بە تۆمەتی "زیانگەیاندن بە بەرژەوەندی گشتی لە ڕێگەی بەرهەمهێنان و بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکی بەدڕەوشتی و پێچەوانەی ڕەوشت لە جیهانی ئەلەکترۆنیدا" سزا دراون.
ئاماژە بەوەش کراوە، ئەم بڕیارە سەرەتاییە و مافی تێهەڵچوونەوەی هەیە.
ئەو نۆ ئەندامەی گرووپەکە کە سزاکەیان بەسەردا سەپێنراوە بریتین لە: پەرستۆ ئەحمەدی، سوهەیل فەقێ نەسێری، ئەمیرعەلی پیرنیا، محەممەدئەمین تاهیری، ئیحسان بێرقدار، موحسین لەشگری، عەبدولڕەزا بەچاری، سەید مەجید موحسینی موقەدەم و تەهمینە مەنزەوی.
کۆنسێرتەکەی کاروانسرا چی بوو؟
ڤیدیۆی "کۆنسێرتی کاروانسرا" لە کانوونی یەکەمی 2024 لە کەناڵی یوتیوبی پەرستۆ ئەحمەدی بڵاوکرایەوە و دەنگدانەوەیەکی بەرفراوانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لێکەوتەوە.
ئەو خانمە گۆرانیبێژە لەو کۆنسێرتە دیجیتاڵییەکەدا بەبێ باڵاپۆشیی زۆرەملێ (حیجاب) لەسەر ستەیج گۆرانیی گوتبوو.
دەستبەجێ دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆکە، دەسەڵاتی دادوەریی ئێران دۆسیەی یاسایی بۆ ئامادەکارانی پڕۆژەکە کردەوە و کاروانسرای مێژوویی "دێرگچین"ی لە پارێزگای قوم ــ کە شوێنی تۆمارکردنی کۆنسێرتەکە بوو ــ پۆلۆم (داخست) کرد. ڤیدیۆی سەرەکیی کۆنسێرتەکە تاوەکو ئێستا نزیکەی 3 ملیۆن بینەری لە یوتیوب هەبووە.
پەرستۆ ئەحمەدی پێشتر لەبارەی ئەم کۆنسێرتەوە لە یوتیوب نووسیبووی: "من پەرستۆم؛ کچێک کە دەمەوێت بۆ ئەو خەڵکە گۆرانی بڵێم کە خۆشم دەوێن. ئەمە مافێکە کە نەمدەتوانی چاوپۆشیی لێ بکەم."
پەرستۆ ئەحمەدی کێیە؟
پەرستۆ ئەحمەدی، لە دایکبووی ساڵی 1997 لە شاری نۆشەهری باکووری ئێران، دەرچووی بەشی دەرهێنانە لە زانکۆی "سوورە"ی تاران.
ئەو چەندین ساڵ بوو لە ئینستاگرامەکەیەوە پیانۆی دەژەنی و گۆرانیی دەگوتەوە.
ناوی پەرستۆ لە کاتی خۆپێشاندانەکانی ساڵی 2022ی ئێراندا، بەهۆی گوتنەوەی سروودی نیشتمانیی "از خون جوانان وطن" بە شێوەیەکی بەرچاو ناسرا.
دواتر لە حوزەیرانی 2023دا گۆرانیی "هوای آزاد" (کەشوهەوای ئازاد)ی وەک ڕێزلێنانێک بۆ بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" بڵاوکردەوە، کە بەهۆیەوە لەلایەن دادسەرای ئاسایشی تارانەوە بانگهێشت کرا و دەست بەسەر کەلوپەلە تایبەتییەکانیدا گیرا.
لینکی گۆرانییەکە:
https://www.youtube.com/watch?v=oYcaDHEnhbU&list=RDoYcaDHEnhbU&start_radio=1