فەرماندەیی گشتیی یەکینەکانی پاراستنی ژن (YPJ) پابەندبوونی خۆی بە پاراستنی مافی ژنان و بەشداریکردنی یەکسانیان لە سوپای نوێی سوریادا دووپات دەکاتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە گفتوگۆکانی تێکەڵکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لەگەڵ حکوومەتی کاتی سوریا گەیشتووەتە قۆناغێکی هەستیار.
دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس و بەگوێرەی ڕێککەوتنی 29ی کانوونی دووەمی 2026 لە نێوان هەسەدە و حکومەتی کاتی، بڕیارە چوار لیوای سەربازی بۆ هێزەکانی پێشووی هەسەدە دروستبکرێت.
ئێستا داواکاری سەرەکیی یەپەژە ئەوەیە کە نزیکەی 2،000 شەڕڤانی ژن ڕێگەیان پێبدرێت ببنە ئەندام لەو لیوایانەدا و دەستووری داهاتووی سوریا مافی بەشداریکردنی یەکسانی ژنان لە کەرتی بەرگریدا گەرەنتی بکات.
سوپایەک بێ ژن؟
ڕۆهەڵات عەفرین، فەرماندەی گشتیی یەکینەکانی پاراستنی ژن (YPJ) لە لێدوانێکیدا بۆ پەیمانگەی ئاشتیی کوردی ڕایگەیاند، دیمەشق لە پرۆسەی تێکەڵکردنی هێزەکاندا، ژنان فەرامۆش دەکات.
ناوبراو ئاشکرای کرد کە حکوومەتی کاتی تەنیا ئامادەیە ژنان لە کەرتی ئاسایشی ناوخۆ (وەزارەتی ناوخۆ)دا قبووڵ بکات، بەڵام دژ بە بەشداریکردنیانە لە کەرتی سەربازی و سوپادا (وەزارەتی بەرگری).
ڕۆهەڵات عەفرین هۆشداریی توند دەدات و دەڵێت: "لە سەدەی بیست و یەکدا، لە هەر هێزێکی چەکدار یان دامەزراوەیەکدا کە ژنانی لێ دووربخرێتەوە، پێشێلکاریی توندی مافەکانی ژنان و بەها کۆمەڵایەتییەکانی لێدەکەوێتەوە."
ئەو نموونەی بە تاوانەکانی داعشی هێنایەوە لە دژی ژنانی ئێزدی لە ساڵی 2014 و هێرشەکانی پارساڵ بۆ سەر ژنانی دروز و عەلەوی لە سوەیدای سوریا.
پێشنیازی ئەمریکا بۆ چارەسەری ناوەند
لە لایەکی دیکەوە، ڕوکسەن محەمەد، گوتەبێژی یەپەژە جەخت دەکاتەوە کە بەشداریکردنی ژنان لە هێزە چەکدارەکاندا یارمەتیدەر بووە بۆ چەسپاندنی یەکسانی لە ژیانی مەدەنیشدا، و دوورخستنەوەیان دەبێتە هۆی پەراوێزخستنیان لە کایەکانی دیکەشدا.
ئاشکراشی دەکات تیمەکەی باڵیۆزی ئەمریکا، تۆم باراک، پێشنیازی چارەسەرێکی ناوەندیان کردووە کە تێیدا بۆ پاراستنی ئەزموونی یەکینەکانی پاراستنی ژن و ڕەچاوکردنی هەستیارییەکانی سوپای سوریا، یەپەژە وەک گروپێکی تایبەت لە ناو هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ (ئاسایش)دا ڕێکبخرێتەوە.
بەڵام یەپەژە هێشتا داکۆکی لە پێگەی فەرمی خۆی لە سوپادا دەکات و داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات گوشار بخەنە سەر حکوومەتی گواستنەوەی سوریا بۆ قبووڵکردنی ژنان لە سەرجەم دامەزراوە سەربازییەکاندا بەبێ جیاکاریی ڕەگەزی.